له‌سه‌ر پرسی جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنی شنگال و دواجاریش وه‌رگرتنه‌وه‌ی شاره‌دێی جرف سه‌خر له میلیشیاكان و گێڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ زێدی خۆیان و واده‌ی ئاگربه‌ستی میلیشیاكان له هێرشی مووشه‌كیان بۆ سه‌ر باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا، شاندی حكوومه‌تی كازمی له‌گه‌ڵ میلیشیاكان دانوستاندن ده‌كات و تا ئێسته‌یش نه‌یتوانیوه هیچ یه‌كێك له‌و سێ دۆسیه‌یه له‌گه‌ڵ میلیشیاكان یه‌كلایی بكاته‌وه، ئه‌مه‌یش به ته‌واوی ئه‌و قسه‌یه‌ی سه‌لماندووه، كه ئیتر میلیشیاكان بوونه‌ته ده‌وڵه‌ت له‌ناو ده‌وڵه‌ته‌وه.
له هه‌فته‌ی ڕابردوو شاندێكی حكوومه‌تی عێراق به سه‌رۆكایه‌تیی قاسم ئه‌عره‌جی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق سه‌ردانی شنگالی كرد و له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ی گرووپه میلیشیاكان كۆبووه‌وه و داوای لێ كردوون كه له شنگال بچنه ده‌ره‌وه تا ڕێككه‌وتنی شنگال بخرێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، به‌ڵام میلیشیاكان ره‌تیان كرده‌وه و سه‌ردانه‌كه و گفتوگۆكه بێ هیچ ئه‌نجامێك كۆتایی هات، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێ، كه هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی گفتوگۆی زیاتر بكه‌ن و پرسه‌كه به دانوستاندن یه‌كلایی بكه‌نه‌وه.
له‌لایه‌كی تره‌وه، چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵا له به‌غداوه، به ڕۆژنامه‌ی "
العربی الجدید"یان ڕاگه‌یاندووه، كه مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق شاندێكی باڵای به به‌شداری وه‌زیر و فه‌رمانده باڵاكانی سوپا و هێزه‌كانی ته‌ناهی پێكهێناوه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر شاره‌دێی جرف سه‌خر گفتوگۆ له‌گه‌ڵ میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران له عێراق بكه‌ن، كه بریتین له كه‌تیبه‌كانی حزبوڵای عێراق و نوجه‌با و جوندی ئیمام و سه‌رایای خوراسانی و عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق، كه ده‌ستیان به‌سه‌ر ئه‌و شاره‌دێیه له باكوری پارێزگه‌ی بابل گرتووه و ڕێ ناده‌ن نه هیچ ئاواره‌یه‌ك بگه‌ڕێته‌وه، نه سوپا و هێزه فه‌رمییه‌كانی حكوومه‌ت بچنه شاره‌دێكه‌وه.
له‌سه‌ر ڕێككه‌وتنی شنگال و شاره‌دێی جرف سه‌خر و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هێرشه‌كان حكوومه‌تی كازمی دانوستاندن له‌گه‌ڵ میلیشیاكان ده‌كات
ئه‌و به‌رپرسانه دووپاتیان له‌وه كردووه‌ته‌وه كه ئه‌و لیژنه‌ی كازمی پێكیهێناوه، له قاسم ئه‌عره‌جی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و سوپاسالاری عێراق فه‌ریق عه‌بدولئه‌میر یاروڵا، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی فالح فه‌یاز، بریكاری وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران كه‌ریم نووری و چه‌ندان فه‌رمانده‌ی تری سوپا و هێزه‌كانی ته‌ناهی له‌خۆ گرتووه، بڕیاره له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ی گرووپه میلیشیا جیا جیاكانی شاره‌دێی جرف سه‌خر گفتوگۆ بكه‌ن و یه‌كه‌م ئامانجیشیان ئه‌وه‌یه كه ڕێ به شانده‌كه‌ی حكوومه‌ت بدرێ، سه‌ردانی شاره‌دێكه بكه‌ن و له دۆخ و حاڵی شاره‌دێی جرف سه‌خر دڵنیا ببنه‌وه.
به‌رپرسێك كه له لیژنه‌كه ئه‌ندامه و ئاشكرای كرد، كه لیژنه‌كه‌یان ده‌ستی به كاره‌كانی كردووه و له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌كانی میلیشیاكان له پێوه‌ندیدایه و گفتوگۆی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی بیانیش كردووه، كه كاریگه‌ری ته‌واویان له‌سه‌ر بڕیاری میلیشیاكان هه‌یه، به گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش ڕێگری له چوونی هێزه‌كانی ته‌ناهی و سوپای عێراق و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ جرف سه‌خر له‌سه‌ر بڕیاری فه‌رمانده‌ی پێشووی فه‌یله‌قی قوودسی سوپای پاسداران قاسم سلێمانی بووه و بۆیه ئێسته لیژنه‌كه له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ی ئێسته‌ی فه‌یله‌قی قوودسیش گفتوگۆ ده‌كه‌ن، تا ڕێ بدرێ به ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی جرف سه‌خر و گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵكی ڕه‌سه‌نی شاره‌دێكه بۆ زێدی خۆیان.
له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنی كاره‌كانی ئه‌و لیژنه‌یه‌ی كازمی پێكیهێناوه، به‌رپرسان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، كه ئه‌گه‌ری زۆره ڕێ بدرێ كه شانده‌كه سه‌ردانی جرف سه‌خر بكه‌ن، به‌ڵام بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه و جێهێشتنی شاره‌دێكه له‌لایه‌ن میلیشیاكان، ئه‌وا كارێكی قورسه و میلیشیاكان به توندی ئه‌مه‌یان ڕه‌ت كردووه‌ته‌وه و ته‌نیا به مه‌رجێك ئاماده‌ی كشانه‌وه‌ن له جرف سه‌خر، ئه‌ویش به ده‌ركردنی ته‌واوی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق له‌لایه‌ن حكوومه‌تی مسته‌فا كازمییه‌وه، به‌و پێیه‌یش بێ، میلیشیاكان مه‌رج به‌سه‌ر حكوومه‌تی كازمی ده‌سه‌پێنن، له كاتێكدا به گوێره‌ی یاسا و ده‌ستوور حكوومه‌تی ئێسته كه كازمی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، ده‌سه‌ڵاتی باڵای جێبه‌جێكردنه‌وه و ناكرێ هیچ گرووپ و لایه‌نێك له‌سه‌ری ئه‌وه‌وه بێ له ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنه‌وه، كه هه‌موو بواره‌كان ده‌گرێته‌وه.
په‌نا بۆ فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران بردراوه تا میلیشیاكان ڕازی بكرێن
له‌لایه‌كی تره‌وه،
میلیشیاكان هۆشداری به حكوومه‌تی كازمی ده‌ده‌ن و دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه ئه‌و ئاگربه‌سته‌ی ڕایانگه‌یاندووه، بۆ وه‌ستاندنی هێرشی كاتیۆشاكان بۆ سه‌ر باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا، بۆ هه‌میشه و كاتی نییه و ئه‌وان ته‌نیا مۆڵه‌تیان به حكوومه‌ت داوه، تا به شێوازی گفتوگۆ و دیپلۆماسی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق ده‌ربكات، ئێسته‌یش به وردی چاودێری پرۆسه‌كه ده‌كه‌ن و هه‌ر كاتێكیش بزانن كه كازمی و حكوومه‌ته‌كه‌ی له‌و ئامانجه سه‌ركه‌وتوو نابن، ئه‌وا ئاگربه‌سته‌كه تاكلایه‌نه كۆتایی پێ ده‌هێنن و ده‌ست به هه‌ڕه‌شه و هێرشه‌كان ده‌كه‌نه‌وه.
له‌وباره‌وه عه‌لی فه‌تلاوی یه‌كێك له ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی ئه‌وفیا كه یه‌كێكه له میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران بۆ العربی الجدید ئاماژه‌ی دا، كه تا ئێسته پابه‌ندین به ئاگربه‌ست، به‌ڵام ئه‌وه ده‌رفه‌تێكی كاتییه بۆ حكوومه‌ت، تا بڕیاری په‌رله‌مان جێبه‌جێ بكات، به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌گه‌ر هاتوو حكوومه‌تی كازمی له‌و به‌ڵێنه پاشگه‌ز ببێته‌وه و شكست بهێنێت، ئه‌وا ده‌سته‌ی هه‌ماهه‌نگی موقاوه‌مه‌ی ئیسلامی ده‌ست به چالاكییه‌كانیان دژی هێزی داگیركه‌ری ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌نه‌وه.