هەرچەندە هێشتا ترەمپ شكستی هەڵبژاردنی بە فەرمی قبووڵ نەكردووە و سوورە لەسەر ئەوەی خۆی براوەی هەڵبژاردنە، بەڵام جۆ بایدن دەستی بە هەنگاوەكانی بۆ پێكهێنانی كابینەكەی داهاتووی و گرتنەبەری رێكارەكان كردووە و ناوی زۆریشیان بۆ میدیاكان ئاشكرا بووە.
لە سێی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ لە ئەمەریكا هەڵبژاردن كرا و دوای سێ رۆژ، جۆ بایدن سەركەوتنی لە هەڵبژاردن راگەیاند كاتێك ژمارەی دەنگە ئێلێكتۆرالەكانی 270ی تێپەڕاند. دوای ئەمە رێبەرانی دنیا دەستیان بە پیرۆزباییكردن لە سەرۆكی نوێی داهاتووی ئەمەریكا كرد، ئەمڕۆ كە دوو هەفتە لە هەڵبژاردن تێدەپەڕێت، هێشتا ترەمپ ددانی بە شكست نەناوە.
جۆ بایدن خەریكی ئەوەیە پێكهاتەی كابینەی خۆی دەستنیشان بكات
جۆ بایدن خەریكی ئەوەیە پێكهاتەی كابینەی خۆی دەستنیشان بكات و بۆ پۆست و وەزیرە جیاوازەكانیش ئاماژە بە كۆمەڵێك كەسایەتی ناسراو دەكرێت.
ئەوانەی زیاتر ناویان دركێنراوە، هەریەك لە سوزان رایس بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و میشڵ فلۆرنۆی بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكان.
میشڵ فلۆرنۆی
میشڵ فلۆرنۆی پێشتر لە راوێژكارانی باڵای بەرگریی حكوومەتەكانی بێڵ كلینتن و باراك ئۆباما بووە و لە رووی سیاسییەوە بە كەسێكی میانڕەو هەژمار دەكرێت.
لەو كاتەوە میشڵ وازی لە دەسەڵات هێناوە وەك راوێژكار لە بواری گرێبەستە سەربازییەكان كاری كردووە، دەگوترێت یەكێك لەو كەسانەیە كە لەوانەیە جۆ بایدن بیكات بە وەزیری بەرگریی ئەمەریكا.
پێویستە دەستنیشانكردنی ئەو وەك وەزیری بەرگری لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا پەسند بكرێت
پێویستە دەستنیشانكردنی ئەو وەك وەزیری بەرگری لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا پەسند بكرێت و ئەگەر ئەمەش روو بدات، ئەوا دەبێت بە یەكەم ئافرەت كە بەو پۆستە دەگات.
یەكێك لەو ئەركەی بڕیارە بایدن بە وەزیری بەرگری بسپێرێت، ناردنی سوپایە بۆ ویلایەتەكانی ئەمەریكا تا رۆڵیان هەبێت لە دابەشكردنی پێكوتەی كۆرۆنا لە تەواوی وڵات.
پێ دەچێت میشڵ بیەوێت ناوبانگ بۆ ئەمەریكا لە ئاستی دنیا بگێڕێتەوە، چونكە ئەو مانگی ئاداری رابردوو لە كۆنفرانسێكدا گوتبووی گەڕانەوەی متمانە و پێگە بۆ ئەمەریكا پێویستی بە چەندان ساڵ كاركردن هەیە.
سۆزان رایس
سۆزان رایس لە حكوومەتی ئۆباما بەرپرسیارێتی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكای هەبوو، هەروەها باڵوێزی ئەمەریكاش بووە لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان.
پێ دەچێت لەسەر پرسی هێرشكردنەسەر كونسوڵگەی ئەمەریكا لە لیبیا لە ساڵی 2012 و قسەكانی ئەوكاتی رایس كە بە قسەی ناڕاست و هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئاراستەی رووداوەكان لێك درایەوە، ئەنجوومەنی پیران دەنگی پێ نەدات.
لە هێرشی بۆ سەر كونسوڵگەی ئەمەریكا لە بنغازی كە لە لایەن ئەنساری شەریعەی سەر بە رێكخراوی قاعیدە ئەنجام درا، باڵوێزی ئەمەریكا لە لیبیا و چەند كەسێكی تر كوژران.
رایس لەو كەسانەیە كە لەگەڵ رێككەوتنی ناوكییە
رایس هەروەها لەو كەسانەیە كە لەگەڵ رێككەوتنی ناوكییە و دوای گوشارەكانی ترەمپ بۆ سەر ئێران، رایس بە توندی رەخنەی لە سەرۆكی ئەمەریكا گرت.
پیت بوتیجێج
پیت بوتیجێج سەرۆكی شارەوانی پێشووی ساوت بەندی ئیندیانا، یەكێك لەو كەسانە بوو سەرەتا لە ناو پارتی دیموكرات چووە ناو ركابەرییەكان، بەڵام دواتر كشایەوە و پاڵپشتی لە جۆ بایدن كرد.
لەوانەیە پۆستی باڵوێزی ئەمەریكا لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بەو كابرایە بسپێرێت. ئەو تەمەنی 37 ساڵە و بە یەكەم هاورەگەزباز هەژمار دەكرێت كە لە ئەمەریكا كەمپینێكی گەورەی بۆ پاڵپشتیكردنی جۆ بایدن پێكهێنا.
لایل برینارد كە یەكێكە لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردنی بانكی ناوەندیی ئەمەریكا، لەوانەیە بۆ پۆستی وەزارەتی گەنجینە بپاڵێورێت.
داگ جونز
داگ جونز كە لەمدواییانەدا لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پیران شكستی خوارد و نەیتوانی ببێتە نوێنەری ویلایەتی ئالاباما لە ئەنجوومەنی پیران، خۆی لە رابردوودا داواكاری گشتی ویلایەتەكە بووە و لەوانەیە بۆ پۆستی وەزارەتی داد بپاڵێورێت.
بەگوێرەی
رادیۆ زەمانە، ناوی هەندێك كەسایەتی بۆ پۆستەكانی تر دەهێنرێن. باس لەوە دەكرێت بێرنی سەندێرز بۆ وەزارەتی كار و یان ئێلیزابێس وارنیش بۆ وەزارەتی گەنجینە بپاڵێورێت. ئەگەر ئەنجوومەنی پیران هەر لە دەستی كۆماریخوازاندا بمێنێتەوە، چانسی ئەوانە بۆ سەركەوتن زۆر قورس دەبێت.
بە میدیاكانی گوت لە دەستنیشانكردنی ئەندامانی كابینەكەی خەریكە بە قۆناغی كۆتایی دەگات.
شەمووی رابردوو لە كاتێكدا جۆ بایدن لەگەڵ ژنەكەی بە پایسكل دەسووڕانەوە، بە میدیاكانی گوت لە دەستنیشانكردنی ئەندامانی كابینەكەی خەریكە بە قۆناغی كۆتایی دەگات.
جۆ بایدن بەڵێنی داوە سەرۆكی هەموو ئەمەریكییەكان بێت و دوای ئەوەی لیستی كابینەكەی پێشكەشی ئەنجوومەنی پیران دەكات، دەبێت رەزامەندی كۆماریخوازەكان وەربگرێت، ئەگەرنا هیچ كامێكیان ناتوانن پۆستەكانیان وەربگرن.
لە رۆژی 20ی كانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو جۆ بایدن لەگەڵ ئەندامانی كابینەكەی دەچێتە بەردەم باڵەخانەی كۆنگرێس لە واشنتن بۆ ئەوەی وەك 46ەمین سەرۆكی ئەمەریكا سوێندی یاسایی بخوات، دواتر رەوانەی كۆشكی سپی دەكرێت لە شەقامی پێنسڵڤانیا لە واشنتن دیسی بۆ ئەوەی چوار ساڵ سەرۆكایەتی ئەمەریكا بكات.
تەمەنی جۆ بایدن 77 ساڵە و بە بەتەمەنترین سەرۆكی ئەمەریكا هەژمار دەكرێت.