داوا دەكرێ UN لە سەركوتكارییەكانی ساڵی 2019ی ئێران بكۆڵێتەوە

:: PM:03:11:17/11/2020 ‌
رێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤ داوا لە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات، لەبارەی پێشێلكارییەكانی ئەو مافە لە میانەی خۆپێشاندانەكانی ساڵی رابردووی ئێران، لە ژێر چاودێری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لێكۆڵینەوە بكرێت.

بەپێی بەیاننامەیەكی رێكخراوەكە، سەرەڕای ئەوەی كە ساڵێك بەسەر رووداوەكەدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا ئێران هیچ بەرپرسیارێتییەكی لە ئەستۆ نەگرتووە.

ناڕەزایەتییەكان لە دژی حكوومەت رۆژی هەینی 15ی تشرینی دووەمی ساڵی 2019 دوای بڕیاری گرانكردنی نرخی بەنزین دەستی پێ كرد. بەپێی بڕیارە نوێیەكە نرخی هەر لیترێك بەنزینی نۆرماڵ كە بە بیتاقە دابەش دەكرێ، بووە هەزار و 500 تمەن و بەنزینی ئازادیش بۆ سێ هەزار تمەن بەرز كرایەوە. 

خەڵك رژانە سەر شەقامەكان و دروشمەكانیان هەرزوو بۆ دروشمی سیاسی و رووخانی رژێمی ئێران گۆڕی
لە شارەكانی ئێران خەڵك رژانە سەر شەقامەكان و دروشمەكانیان هەرزوو بۆ دروشمی سیاسی و رووخانی رژێمی ئێران گۆڕی، هێزەكانی ئێرانیش بە فەرمانی عەلی خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامی مافی ئەوەیان پێ درا تەنانەت تەقەی راستەوخۆ بكەن و بە هەر نرخێك بێ ئەو خۆپێشاندانە سەركوت بكەن.

تارا سێپێهری فەر توێژەری ئێرانی لە رێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤ ئاماژەی بە رووداوەكان و سەركوتكارییەكانی ئێران كردووە و گوتوویەتی، هێشتا دوای ساڵێك ئێران ئەشكەنجە و ئازاری بنەماڵەی خۆپێشاندەران دەدات.

ئەو داوای لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە گوشار بخاتە سەر بەرپرسانی باڵای ئێران بۆ ئەوەی لە ژێر باری ئەو تاوانانە خۆیان نەدزنەوە.

لە راپۆرتی رێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤ ئاماژە بە سزای دەیان خۆپێشاندەر كراوە كە بەشێوەیەكی نادادپەروەرانە بەسەریاندا سەپێنراوە و بەرپرسانی حكوومەتی ئێرانیش بە بیانووی ئاژاوەچی و تێكدانی ئاسایشی نەتەوەیی، پەرەی بەو سەركوتكارییانە داوە.

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش لەمدواییانەدا لە راپۆرتێكدا باسی لەوە كرد، ئێران بە پچڕاندنی هێڵی ئینتەرنێت ویستوویەتی بە بێ دەنگی و دوور لە چاوی دنیا بە كەیفی خۆی خەڵك سەركوت بكات و نایەوێ بە هیچ شێوەیەك باسی ئەو رووداوانە بكات.

هێزەكانی ئێران بە چەك و گازی فرمێسكڕێژ و كۆمەڵێك ئامرازی تر بە چ شێوەیەك خەڵك سەركوت دەكەن.
بەگوێرەی رادیۆ فەردا، سەرووی 100 گرتەی ڤیدیۆیی پەسند كراون كە تێیدا ئەوە بە روونی دیارە هێزەكانی ئێران بە چەك و گازی فرمێسكڕێژ و كۆمەڵێك ئامرازی تر بە چ شێوەیەك خەڵك سەركوت دەكەن.

لە سێیەم رۆژی خۆپێشاندانەكانی ئێران كە دەكاتە 17ی مانگی تشرینی دووەم و رێك ساڵێك بەسەر ئەو رۆژەدا تێدەپەڕێت، هێزەكانی ئێران زۆرترین سەركوتكارییان ئەنجام دا و بۆ شاردنەوەی دیمەنەكانی ئەو سەركوتكارییەش، خێرا هێڵی ئینتەرنێتیان پچڕاند و چیتر دنیا گوێی لە دەنگی خەڵكی ئێران نەبوو.

خۆپێشاندانەكانی ساڵی رابردوو بە خوێناویترین خۆپێشاندانەكانی مێژووی ئێران هەژمار دەكرێن كە بەهۆیەوە هەزار و 500 كەس بە تەقەی راستەوخۆی هێزەكانی رژێم گیانیان لە دەست دا و بە هەزاران كەس گیران و بە هەزارانی تر بریندار بوون.

ویستوویەتی رێگری لە هەر جۆرە گردبوونەوەیەك یان رێوڕەسمێكی تایبەت بە یادی ئەو خۆپێشاندانانە بگرێت.
لە چەند رۆژی رابردوودا حكوومەتی ئێران لە ساڵوەگەڕی خۆپێشاندانەكان هێزێكی زۆری بە شارەكاندا بڵاوە پێ كردووە، ویستوویەتی رێگری لە هەر جۆرە گردبوونەوەیەك یان رێوڕەسمێكی تایبەت بە یادی ئەو خۆپێشاندانانە بگرێت.

 هەفتەی رابردووش جاوید رەحمان نوێنەری تایبەتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە بواری مافی مرۆڤ لە راپۆرتێكدا كە پێشكەشی ئەنجوومەنی گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد، گوتی ئێران لە جیاتی وەڵامدانەوە و دادگاییكردنی بەرپرسانی تۆمەتبار، تەنیا مافی خۆپێشاندەران پێشێل دەكات.

ئەو داوای لە ئێران كردووە لە جیاتی بەردەوامبوونی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و ئەو خۆپێشاندەرانەی هێشتا لە گرتووخانەكانن، بەشێوەیەكی سەربەخۆ لێكۆڵینەوە لە چۆنیەتی رووداوەكان بكات و هەموو ئەوانە دادگایی بكات كە یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەكانیان پێشێل كردووە.

زۆر ئەستەمە ئێران بە قسەی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ بكات
 رەنگە زۆر ئەستەم بێت ئێران بە قسەی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ بكات، بەڵام ئەگەر لەلایەن رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان گوشارێك دروست بێت، لەوانەیە كاریگەری هەبێت لەسەر ئەوەی لانی كەم حكوومەتی ئێران واز لە بنەماڵەی خۆپێشاندەران بێنێت و بەشێك لەوانەی هێشتا لە گرتووخانەكان راگیراون ئازاد بكات.


وشە - سلێمان تاشان