چیڕۆكی ترەمپ لەگەڵ ئێران و میلیشیاكانی چۆن كۆتایی دێت؟

:: PM:04:35:17/11/2020 ‌

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا كە لە سەرەتای ئەم مانگە دۆڕاوی كێبەركێی سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە بوو، بڕیارە لە 20ی كانوونی دووەمی داهاتوو كۆشكی سپی بۆ جۆ بایدنی ركابەری جێبێڵێت، ئەو چوار ساڵەی رابردوو بۆ ئێران جیاواز بوو، كاتێك لەگەڵ هاتنی، ترەمپ لە رێككەوتنی ناوكی پاشەكشەی كرد و سزای زۆرتوندی بەسەر ئێران سەپاند، ئەو لە دوا ساتەكان بەنیازە جێی پەنجەی بەسەر دۆسیەی ناوكی ئێران و دەسەڵاتەكانی لە ناوچەكە جێبێڵێت.
سەرانی میلیشیاكان لە ترسی كوشتنیان خۆیان دەپارێزن
چەند سەرچاوەیەكی ئەمەریكی ئاشكرایان كرد كە ترەمپ بەر لە جێهێشتنی كۆشكی سپی تاوتوێی هێرشكردنە سەر پێگەی سەرەكیی ناوكی ئێرانی كردووە، بەڵام راوێژكارانی رازیان كردووە واز لەو بیرۆكە بێنێت، بۆیە ئەوە ئاماژەیەكە كە بژارەی وەشاندنی گورزێكی سەربازی لە ئێران لە چوارچێوەی ئەجینداكانی ترەمپدا زیندووە، بەر لە رۆیشتنی لە كۆشكی سپی.  

بەپرسێكی ئەمەریكی ئاشكرای كردووە كە ترەمپ لە كۆتا ساتەكان بڕیاری داوە هێرشی سەربازی بۆ سەر پێگەی سەرەكیی ناوكی ئێران رابگرێت، ئەو داوای لە بەرپرسانی پێوەندیدار كرد كە بژارەكانی ئەنجامدانی هەنگاوەكەی بدەنێ، ئەوانیش سیناریۆكانیان پێ داوە و لە كۆتاییەكەی بڕیاری دا كە هەنگاوەكە جێبەجێ نەكات. 

قسەكانی ئەو بەرپرسە ئەمەریكییە لەگەڵ زانیارییەكانی رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی یەك دەگرێتەوە كە باسی ئەوەی كرد راوێژكاران قەناعەتیان بە ترەمپ كرد بە ئەنجام نەدانی هێرشەكە بەهۆی مەترسی دروستبوونی رووبەڕووبوونەوەیەكی فراوان لە دوایین هەفتەكانی ماوەی سەرۆكایەتی لە كۆشكی سپیدا.

رۆژنامەكە روونی كردەوە، لە كۆبوونەوەیەك لە كۆشكی سپی پێنجشەمی رابردوو، ترەمپ لە یاریدەرانی پرسیوە، لەوانە مایك پێنسی جێگری و مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوە و كریستۆفەر میلەری وەزیری بەرگری بە وەكالەت و جەنەراڵ مارك میلی، فەرماندەی دەستەی ئەركانی هاوبەش، ئاخۆ چ بژارەیەكی بەدەستە لە دژی ئەو پێگە ناوكییەی ئێران لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا. 

رۆژنامەكە دەڵێت، ئەو بەرپرسە باڵایانە قەناعەتیان بە سەرۆك ترەمپ كردووە كە ئەو هەنگاوە ناوێ نەوەك ببێتە هۆی هەڵگیرسانی رووبەڕووبوونەوەیەكی فرەوان، كاتێك ترەمپ دوای راپۆرتێكی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوكی ئەو راوێژەی كردووە كە باسی ئەوە دەكات تاران لە پیتاندنی یۆرانیۆم دوور لەوەی لە رێككەوتنی ناوكی رێگەی پێ دراوە بەردەوامە، پێشبینی دەكرێ ئەو پێگە ناوكییەی ئێران كە ترەمپ ویستوویەتی بیكاتە ئامانج پێگەی تەنزە. 

"نیویۆرك تایمز"، لە بەرپرسانی ئەمەریكای گواستەوە كە تا ئێستە ترەمپ بەدوای وەشاندنی گورزێكە لە حیساباتی تاران و میلیشیاكانی هاوپەیمانی لە عێراق، لەوكاتەی پێوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران كە چوار دەیەیە پچڕاوە، لەگەڵ هاتنی ترەمپ بۆ كۆشكی سپی ئاڵۆزی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە، كاتێك لە رێككەوتنی ناوكی ئێران پاشەكشەی كرد و دووبارە سزای بەسەر ئێران سەپاندەوە تا گەیشتن بە كوشتنی قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس لە گورزێكی ئاسمانی لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا لە سەرەتای ئەمساڵ. 

لەو ناوەدا سەرچاوەكانی هەواڵگری رایان گەیاند كە بەمدواییە یەكە شەڕوانەكانی ئەمەریكا لەناو باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا، چەند رۆژێكە راهێنان بە تەقەمەنی راستەقینە دەكەن، لە رێوشوێنێكی نائاساییدا، سەرچاوەكان ئاماژەیان كرد كە چەند لایەنێكی سیاسی و تەناهی عێراقی خەریكی تاوتوێكردنی ئەو جموجۆڵانەن و بەدووری نازانن كە ئاماژەیەك بێت بۆ بڕیاری یەكلاكەرەوە كە ئەگەری هەیە ئیدارەی ترەمپ لە ماوەی داهاتووی دەسەڵاتەكەی لە كۆشكی سپی بیدات.

چاودێران پێیان وایە ئەمەریكا لە دوایین ساتەكانی فەرمانڕەوایەتی ترەمپ خۆی بۆ شتێك ئامادە دەكات، رەنگە هێرشێكی فرەوان بێ لەناو خاكی ئێران، یان كردنەئامانجی باڵەكانی ئێران لە بەغدا و بەیرووت، ئەوەیش هاوكات لەگەڵ دووپاتكردنەوەی كریستۆفەر میلەر، وەزیری بەرگری ئەمەریكا بە نیازی وڵاتەكەی بۆ خێَََََََََََََََََََراكردنی پاشەكشەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە ئەفغانستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەوەی كاتی گەڕانەوە بۆ وڵات هاتووە.

لەوكاتەی باسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا دەكرێت، چاودێران پێیان وایە كە بەبێ یارمەتیدانی ئەمەریكا بۆ عێراق و حكوومەتەكەی، ئێران بەتەواوەتی كۆنترۆڵی بڕیاری عێراق دەكات و میلیشیاكانی كۆنترۆڵی تەواوی كایەكانی ژیانی دەكەن، هاوكات پێشیان وایە كە رەنگە لە دوا ساتەكانی فەرمانڕەوایەتی ترەمپ كردەیەكی سەربازی لە دژی ئێران و باڵەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام بدات، ئەو هێرشەی ساڵانێكە هەڕەشەی وەشاندنی دەكات.

سەرچاوەكان دەڵێن خەمڵاندنی حكوومەتی عێراق، كە بە وریاییەوە چاودێری جموجۆڵەكانی ترەمپ و ئیدارەكەی لە دوایین ساتەكانی فەرمانڕەوایەتی دەكات، بەو ئاراستەیەیە كە داخستنی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا ئەگەری هەیە، بەتایبەتی كە بەشێك بێ لە ئامادەسازییەكان بۆ كاردانەوەی ئێران بەرانبەر بە گورزێكی سەربازی ئەمەریكا، جیا لەوەیش رەنگە ئەو هەنگاوە سزایەك بێ بۆ عێراق، بەوەی هەوڵی نەداوە لەژێر دەسەڵاتی ئێران دەربچێت، بۆیەیش سەرانی میلیشیاكان رێوشوێنی خۆپارێزیان وەرگرتووە لەترسی كوشتنیان.   


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل