ئاساییكردنەوەی شنگال.. دوای داعش پەكەكە و میلیشیاكان دەبنە بەڵا بۆ ئێزیدییەكان

:: PM:05:57:17/11/2020 ‌

مانگی رابردوو هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان رێككەوتنێكی مێژووییان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی خەڵكەكەی و ئاوەدانكردنەوەی و كۆتاهێنان بە نەهامەتییەكانیان واژوو كرد، وەك هەوڵێك بۆ سارێژكردنی زامەكانیان كە تا ئێستە كراوەیە، لەو ناوەدا چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بەربەست بۆ رێككەوتنەكە دروست دەكەن.
دۆخی ناوچەكە تەنیا بە دەركردنی پەكەكە ئاسایی دەبێتەوە
پارتی كرێكارانی كوردستان هەموو هەلێك دەقۆزێتەوە بۆ خزانە ناو خاكی باشووری كوردستان و خۆكردنە خاوەنماڵ و بڕیاردان، ئەو لەو پێناوەدا بەرژەوەندی باڵای كوردستان دەخاتە مەترسی و زۆرجار ئەجینداكانی تەواو لەخزمەت دوژمنانی كوردن، ئێستەیش لە شنگال دژ بە بەرژەوەندی ئێزیدییەكان كار دەكا و دەیەوێ خەڵكەكەی لە گیانی كوردایەتی داببڕێ و ناوچەكە بەیەكجاری بخاتە باوەشی عێراقەوە.

لەوكاتەی قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ئەمڕۆ سێشەم لە هەولێر لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێم دووپاتی كردەوە كە رێككەوتننامەی شنگال جێبەجێ دەكەن و چەكدارانی نافەرمی لێ وەدەر دەنێن، موزاحم ئەحمەد حوێت، گوتەبێژ بەناوی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان بۆ "وشە"، گوتی، ئەوەی لە ماوەی دوایی لایەنگرانی پەكەكە لە شنگال ئەنجامی دەدەن، ئەوەی پێش ئەوەیش، لەدوای رێككەوتنی هەردوو حكوومەتی هەرێم و عێراق بۆ ئاساییكردنەوەی شنگال، مەبەست لێی كردنە ئامانجی رێككەوتنەكە و ئاساییكردنەوەی ناوچەكەیە.

زیاتر گوتی، ئەوان هەرچییەك بكەن ناتوانن زیان بە رێككەوتنەكە و هەڵوەشاندنەوەی بگەیەنن، چونكە رێككەوتنێكە لەنێوان دوو حكوومەت، نەوەك چەند حزبێك و بابەتەكە كۆتایی هاتووە و جێبەجێكردنیشی لە ماوەی كەمی داهاتوو دەبێت. ئەو كارە تێكدەرانەی ئێستە لایەنگرانی پەكەكە لە شنگال ئەنجامی دەدەن، كە هێرشیان كردە سەر بازگەیەك لە رۆژهەڵاتی دەروازەی شنگال، گەورەترین بەڵگەیە بەوەی شنگال ئێستە لەدەرەوەی دەسەڵاتی حكوومەتە و پێویستە هەردوو حكوومەت هاوئاهەنگی بكەن بۆ ئازادكردنەوەی شارۆكەكە.

ئەو گوتەبێژە روونی كردەوە، وەك هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان هەوڵێكی زۆرمان داوە و دەیدەین بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخەكە لە نێوان هۆزەكانی ناوچەكە لە عەرەب و كورد و ئێزیدی و پێكهاتەی تریش، هۆزە عەرەبییەكانی شنگال دژی پەكەكەن و پاڵپشتی لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە دەكەن و داوای جێبەجێكردنی دەكەن، بەڵام چەند لایەن و رێكخراوی تیرۆریستی هەن گوشار دەخەنە سەر هۆزەكانی ناوچەكە بۆ ئەنجامدانی خۆپێشاندان و رەتكردنەوەی رێككەوتنەكە.

ئێستە لەناو حكوومەتی عێراق جیا لەو ناكۆكی و ململانێ سیاسی و داراییەی پێوەست بە بەرژەوەندی كەسی و حزبییەی هەیە، بڕیاردان لە عێراق كەوتووەتە ناو راكێش راكێشی دوو هێزەوە، حكوومەتی عێراق و میلیشیا شیعەكان، لەو ناوەدا پەكەكە خۆی داوەتە پاڵ میلیشیاكان و تەنانەت مووچە و چەك و پاڵپشتی لەوەوە وەردەگرێت، بەگوتەی چاودێران بوونی پەكەكە لەو ناوچەیە، كە دەكەوێتە سەر سنوورەكانی سووریا، لەبەرژەوەدی ئێران و میلیشیاكانە لە رێگەی پەكەكەوە توانویانە كۆنترۆڵی ناوچەكە بكەن.

ماجد شنگالی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لەوبارەوە بە "وشە"ی گوت، رێككەوتنی شنگال زۆر گرنگە، بەڵام گرنگی زیاتر لە جێبەجێكرنیدایە، تا ئێستە هەموو ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە حوبری سەر كاغەزە و ئاساییكردنەوەی ئیداری بە گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعی بۆ شارۆكەكە، نەبووە و تا ئێستەیش كەسانێك هەن بەناوی ئیدارەی ناوخۆیی لەوێن، لە رووی تەناهیشەوە تا ئێستە هێزەكانی سەر بە پەكەكە لەناو شنگالن و دوێنێ هێرشیان كردووەتە سەر بازگەیەكی پۆلیس و سوپای عێراق.

زیاتر گوتی، بۆیە دۆخی ناوچەكە ئاسایی نابێتەوە تەنیا بە دەركردنی هێزەكانی پەكەكە لە ناوچەكە نەبێت و ئاوارەكان بگەڕێنەوە و ئیدارەی فەرمی شارۆكەكە و دەروبەری ئاسایی بكرێتەوە، جیا لە بوونی هاوئاهەنگی لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە و هەردوو حكوومەتی هەرێم و عێراق بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆی.  

رێككەوتنی هەردوو حكوومەتی هەرێم و عێراق بەهۆی دواكەوتنی یەكلاكردنەوەی پرسی ناوچە كێشەلەسەرەكان و هەوڵی هەردوو حكوومەت بۆ دۆزینەوەی بە پەلەی چارەسەری بۆ كێشە و نەهامەتی كوردانی ئێزیدی هات، كە جیا لەوەی چارەنووسی بەشێكیان دیار نییە و دەیان ژن و منداڵیان تا ئێستە لای داعشن، دەیان هەزاریان ئاوارەن لە كەمپەكان و لە دۆخێكی بژێوی و دەروونی ناڵەباردا دەژین.

تا ئێستەیش ئەوان بەهۆی بوونی پەكەكەوە ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەكانیان و ئاوەدانی بكەنەوە، بۆیە مەبەستی سەرەكی و تەنیا مەبەستی رێككەوتنەكە ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال و ئاوەدانكردنەوەی و گەڕانەوەی ئاوارەكانە بۆی، ئەوەیش كەمترین شتە كە بۆ ئەو گەل و ناوچە ستەملێكراوە بكرێت، كە بوونە قوربانی دەستی دڕندانەترین بزاوی تیرۆریستی لە سەدەی نوێدا.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل