ماڵپه‌ڕی
"ستراتیجی په‌یج"ی ئه‌مه‌ریكی بابه‌تێكی له‌باره‌ی عێراق بڵاوكردووه‌ته‌وه و ئاماژه‌ی داوه، كه به‌غدا له نێوان سعوودیه و تاران دۆش داماوه، وه‌به‌رهێنانه‌كانی سعوودیه بۆ هه‌ستانه‌وه‌ی ئابووری عێراق، كۆڵه‌گه‌یه‌كی گرنگ و سه‌ره‌كین و هه‌ژموونی ئێرانیش به‌سه‌ر عێراق و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی هاتنی سعوودیه له ده‌رگه‌ی وه‌به‌رهێنانه‌وه بۆ ناوه‌وه‌ی عێراق و سه‌پاندنی هه‌ژموون، گرفتێكی تری گه‌وره‌یه له‌به‌رده‌م به‌غدا و خه‌ڵكی عێراق به گشتی.
له بابه‌ته‌كه كه به ناونیشانی "عێراق، ده‌رفه‌تێك كه ڕه‌ت ده‌كرێته‌وه" بڵاوكراوه‌ته‌وه، هێما بۆ ئه‌وه كراوه، كه سعوودییه‌كان ئاماده‌ییان ده‌ربڕیوه به ملیاران دۆلار وه‌به‌رهێنان له عێراق بكه‌ن، به تایبه‌ت له ناوچه‌كانی باشووری عێراق و شاری به‌سڕه كه زۆرینه‌ی ڕه‌های دانیشتووانی شیعه‌ن و 60%ی دانیشتووانی عێراق پێك ده‌هێنن، له كاتێكدا خه‌ڵكی ناوچه‌كانی باشوور پێشوازی له‌و هه‌نگاوانه‌ی سعوودیه ده‌كه‌ن، چونكه گه‌یشتوونه‌ته باوه‌ڕێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه كه حكوومه‌ت و هێزه‌كانی سیاسی به‌غدا ناتوانن چاره‌سه‌ری گرفته قووڵه‌كانی وه‌كو بێكاری و هه‌ژاری و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری له پارێزگه‌كانی باشوور بكه‌ن، هیوایان به‌وه‌یه له ڕێی ئه‌و ملیاران دۆلاره‌ی سعوودیه به نیازه بیهێنێته عێراقه‌وه و پرۆژه‌ی زه‌به‌لاح دروست بكات، هه‌ر هیچ نه‌بێ، هه‌لی كاریان بۆ بڕه‌خسێ و بتوانن داهاتێك بۆ ئه‌و له‌شكره زۆره‌ی خه‌ڵك كه بێكارن ده‌سته‌به‌ر ببێت، به‌ڵام تاران و میلیشیاكانی به توندی دژی ئه‌وه وه‌ستاونه‌ته‌وه و ده‌زانن كه سه‌رنجڕاكێشانی شیعه‌كانی باشوور بۆ سعوودیه، كارتێكی مه‌ترسیداره بۆ داهاتووی هه‌ژموونی تاران به‌سه‌ر عێراقه‌وه.
سعوودیه به وه‌به‌رهێنان ده‌یه‌وێ گه‌نجانی شیعه بخاته سه‌ر كار و له هه‌ژموونی ئێران دووریان بخاته‌وه
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی عێراق یه‌كێكه له گه‌نده‌ڵترین وڵاته‌كان و له ڕیزبه‌ندی 162یه‌مین وڵاتی گه‌نده‌ڵی دنیا دێ، له كۆی 180 وڵات، بۆیه هاتنی وه‌به‌رهێنه‌ران و هێنانی ملیاران دۆلار كارێكی مه‌حاڵه بۆ عێراق، به‌ڵام سعوودیه ئاماده‌یه ئه‌و سه‌ركێشیه بكات، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ژموونی خۆی له عێراق زۆرتر بكات و به‌ر به ئێران بگرێت، به دڵنیاییه‌وه‌یش ئه‌و پلانه‌ی سعوودیه سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت، ئه‌گه‌ر هاتوو ئێران له ڕێی میلیشیاكانی گرفتی بۆ دروست نه‌كات، چونكه عێراقییه‌كان هیچیان له ئێران ده‌ست ناكه‌وێ، تا دۆخی ژیانیان باشتر بكات، بۆخۆی دۆخی ئابووری ئێران له هی عێراق زۆر خراپتر و ترسناكتره به‌هۆی سزا و گه‌مارۆ زۆره‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌وه، ته‌نیا ئه‌وه‌ی له ئێران ده‌ستیان ده‌كه‌وێ، له ڕووی سه‌ربازی ده‌بێ، كه له ڕۆژانی ڕابردوویش له‌میانه‌ی سه‌ردانی وه‌زیری به‌رگری عێراق بۆ تاران دووپاتی لێ كرایه‌وه، ئه‌و هاوپه‌یمانی و هاوكارییه سه‌ربازییه‌ی ئێرانیش سوودێكی گه‌وره به عێراق ناگه‌یه‌نێت، چونكه تاران وڵاتێك نییه، كه خاوه‌نی چه‌كی پێشكه‌وتوو و سیسته‌می سه‌ربازی و ته‌كنه‌لۆجیای سه‌ربازی تازه و مۆدێرن بێت، بۆیه له‌مه‌یشدا عێراق زیان ده‌كات.
شیعه‌كانی عێراق زۆر به ڕوونی د‌رك به‌وه ده‌كه‌ن، كه ئێران و میلیشیا هاوپه‌یمانه‌كانی به هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانن دۆخی ژیانی ئه‌وان باشتر بكه‌ن، بۆیه له‌میانه‌ی خۆپێشاندانه‌كانی ساڵی ڕابردوو و ئه‌م دواییه‌یش زۆرترین دروشمیان دژی تاران ده‌گوته‌وه و هه‌ر به پلان و فه‌رمانی تارانیش ته‌قه له خۆپێشانده‌ران كرا و ژماره‌یه‌كی زۆریان لێ كوژران و نزیكه‌ی 20 هه‌زار كه‌سیش بریندار بن، كه ئه‌مه هه‌مان سیاسه‌ت و سیسته‌می ئێران بوو له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی خۆپێشاندانه‌كان كه له عێراق جێبه‌جێ كرایه‌وه.
تاران له ڕێی میلیشیاكان هه‌ڕه‌شه ده‌كات و نه ڕێ ده‌دا سعوودیه وه‌به‌رهێنان بكات، نه خۆشی ئابووری به‌هێزه تا وه‌به‌رهێنان له عێراق بكات
سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێسته‌ی عێراقیش مسته‌فا كازمی به ڕوونی دژی هه‌ژموونی كۆماری ئیسلامی ئێرانه و دوای گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات، ده‌یان به‌رپرس و فه‌رمانده‌ی ته‌ناهی له دامه‌زراوه ته‌ناهییه‌كانی وڵات دوورخسته‌وه، كه سه‌ر به كۆماری ئیسلامی ئێرانبوون، چه‌ندان گرووپی میلیشیاییشی خسته ژێر فشار تا خۆیان هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه و بچنه نێو هێزه‌كانی ته‌ناهی عێراق و به هیچ شێوه‌یه‌ك وه‌ك ئامرازێكی ده‌ستی تاران له گۆڕه‌پانه‌كه نه‌مێننه‌وه.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌یش دا تا ئێسته تاران چه‌ندان گرووپی چه‌كداری میلیشیایی له عێراق هه‌یه و سیاسه‌ته‌كانی خۆی پێ له به‌غدا جێبه‌جێ ده‌كات، ده‌سبه‌رداریان نابێ و نایه‌وێ سازش بكات و ڕێ به دروستبوون گۆڕانكاری گه‌وره له عێراق بدات، چونكه هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی تاران ده‌وه‌ستێته‌وه، ئه‌مه‌یش وایكردووه كه به‌غدا له نێوان به‌رداشی ئێران له‌لایه‌كه‌وه و سعوودیه و ئه‌مه‌ریكا له‌لایه‌كی تر بمێنێته‌وه، ڕیازیش په‌له‌یه‌تی له جێگیركردنی پێگه‌ی خۆی له عێراق، چونكه مه‌ترسی هه‌یه به هاتنی بایدن بۆ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مه‌ریكا و پابه‌ندبوونه‌وه به ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی و هه‌ڵگرتنی سزاكان دۆخی ئابووری ئێران به‌ره‌و باشبوونه‌وه بچێ، ئه‌وكات تاران هه‌نگاو بنێ به دروستكردنی پرۆژه له باشوور و ڕاكێشانی سۆزی شه‌قامی شیعه له باشووری وڵات، بۆیه ئامانجیه‌تی به‌ر له ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات له واشنتن، زۆرترین گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ وه‌به‌رهێنان له ناوچه جیا جیاكان واژوو بكات.