پاجیرۆی مۆدێل تازه‌ كه‌وته‌ بازاڕه‌وه‌

:: AM:01:13:30/01/2020 ‌
كۆمپانیای مسیوبۆشی ژاپۆنی، نوێترین مۆدێلی ئۆتۆمبێلی پاجیرۆی به‌رهه‌م هێنا و خستییه‌ بازاڕه‌وه‌، كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ پڕفرۆشترین ئۆتۆمبێله‌كان داده‌نرێ له‌ جیهان، به‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵه‌یش به‌ ملیۆنان خه‌ڵك شادبوون و دووپات له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ پاجیرۆ ئۆتۆمبێله‌ دڵخوازه‌كه‌یانه‌.

كۆمپانیاكه‌ له‌مدواییه‌ مۆدێلێكی پاجیرۆ سپۆرتی به‌ دیزاینێكی ته‌واو جیاوازه‌وه‌ به‌رهه‌م هێنا، كه‌ قه‌باره‌كه‌ی له‌ مۆدێله‌كانی پێشوو گه‌وره‌تره‌ و شێوه‌ و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانیشی زۆر جیاوازن، ڕووی پێشه‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ به‌ كرۆم و فایبه‌ر جوانكاری بۆكراوه‌ و لایته‌كانی له‌ جۆری ئێل ئی دین، كه‌ به‌ پێشكه‌وتووترین جۆری لایتی ئۆتۆمبێل داده‌نرێن.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌یش كوشنه‌كانی ئه‌و مۆدێله‌ی باجیرۆ به‌ پێستی زۆر تایبه‌ت ڕووپۆشكراون و شوێنی حه‌وت كه‌س ده‌بێت، دوو شاشه‌ی پێشكه‌وتوو له‌سه‌ر ده‌شبۆلی ئۆتۆمبێله‌كه‌ هه‌ن، كه‌ یه‌كێكان تایبه‌ته‌ به‌ شوفێریكردن و حاڵه‌ته‌كانی ئۆتۆمبێله‌كه‌ و ئه‌وه‌ی تریش بۆ مه‌لتیمیدیا دانراوه‌ و هه‌ردووكیشیان به‌ له‌مس كار ده‌كه‌ن.

پێشبینی ده‌كرێ زۆرترین فرۆشی له‌ بازاڕ هه‌بێت
له‌ پێشه‌وه‌ و پشته‌وه‌ كامێرای چاودێری و هه‌ستیاری بۆ دانراوه‌، سیسته‌می ساردكردنه‌وه‌ و گه‌رمی زۆر پێشكه‌وتووی هه‌یه‌ و كوشنه‌كانیشی گه‌رمی و ساردیان لێ بڵاو ده‌بێته‌وه‌، وه‌ك شاره‌زایان باسی لێوه‌ده‌كه‌ن، ئه‌و مۆدێله‌ی پاجیرۆ به‌ تایبه‌ت بۆ ڕێ سه‌خت و دوور و درێژه‌كان دروستكراوه‌.

ئۆتۆمبێله‌كه‌ بزوێنه‌رێكی به‌هێز و هه‌شت گێڕی بۆ دانراوه‌ كه‌ هێزی ڕاكێشانی 209 ئه‌سپی هه‌یه‌ و 2.4 لیتر به‌نزین ده‌خوات، هه‌رچه‌نده‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ به‌رهه‌م هێنراوه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ژماره‌ی زیاتری لێ دروست بكرێ، تا ئێسته‌ له‌ هه‌موو وڵاتانی دنیا به‌رده‌ست نین.


وشە - باز ئه‌حمه‌د