پاشماوه‌ی كه‌شتییه‌كی وێرانبوو له‌ سێگۆشه‌ی به‌رمۆدا دۆزرایه‌وه‌

:: AM:01:16:30/01/2020 ‌
دوای 100 ساڵ له‌ نقوومبوون و ژێر ئاوكه‌وتنی، پسپۆرانی بواری ده‌ریاوانی و تیمه‌كانی گه‌ڕان به‌ دوای نهێنی سێگۆشه‌ی به‌رمۆدا توانیان پاشماوه‌ی كه‌شتییه‌كه‌ بدۆزنه‌وه‌، به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌ مێژوویییه‌كانیش كه‌شتییه‌كه‌ 32 كه‌سی تێدا بوو و له‌ سێگۆشه‌ی به‌رمۆدا نقوومبووه‌ و هیچ چاره‌نووسێكی نه‌زانراوه‌.

كه‌شتییه‌كه‌ ناوی ئێس ئێس كۆتۆپاكسی بووه‌ و له‌ 1925 له‌ سێگۆشه‌ی به‌رمۆدا نقووم بووه‌ و هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وكات زۆرترین گه‌ڕان به‌ دوای كه‌شتییه‌كه‌ كرا، به‌ڵام هیچ شوێنه‌وارێكی نه‌دۆزرایه‌وه‌، كه‌چی ئێسته‌ زانایان توانیویانه‌ به‌شێك له‌ پارچه‌ تێكشكاوه‌كانی بدۆزنه‌وه‌.

بۆ یه‌كه‌مجاره‌ په‌شماوه‌ی نقوومبوویه‌كی سێگۆشه‌ی به‌رمۆدا بدۆزرێته‌وه‌
ئێس ئێس كۆتۆپاكسی به‌ سیسته‌می هه‌ڵمی كاری كردووه‌، كه‌ ئه‌وكات كه‌شتی و شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كان سه‌رجه‌میان به‌و شێوازه‌ به‌گه‌ڕ ده‌خران، دوای ئه‌وه‌ی ده‌ستی به‌ گه‌شتێك كردووه‌ له‌ 29ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ری 1925 له‌ باشووری كارۆلینای ئه‌مه‌ریكاوه‌ به‌ره‌و كوبا، له‌ سێگۆشه‌ی به‌رمۆدا ژێر ئاو كه‌وتووه‌ و  كه‌سیش تا ئێسته‌ نازانێ چۆن و بۆچی و له‌ چ شوێنێك به‌ دیارییكراوی كه‌وتووه‌ته‌ ژێر ئاو، ئه‌و 32 كه‌سه‌ی سه‌رنشینی كه‌شتییه‌كه‌یش بوون ته‌رم و ئێسك و پرووسكیشیان نه‌دۆزرایه‌وه‌.

له‌ ماوه‌ی ڕابردوو زانایان توانیویانه‌ پارچه‌كانی كه‌شتییه‌كه‌ له‌ كه‌ناراوه‌كانی سانت ئۆگستینی ویلایه‌تی فلۆریدا بدۆزنه‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌یش بۆ یه‌كه‌مجاره‌ كه‌شتی و فڕۆكه‌ كه‌ له‌ سێگۆشه‌ی به‌رمۆدا نقووم ده‌بن، پاشماوه‌ و شوێنه‌واریان بدۆزرێته‌وه‌.


وشە - باز ئه‌حمه‌د