زانایان زانیاری جیاواز سەبارەت بە كۆرۆنا ئاشكرا دەكەن

:: PM:04:27:05/07/2020 ‌

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە شەش مانگ بەسەر دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كە تا ئێستە بووەتە پەتایەك و ملیۆنان كەسی تووش كردووە و زیاتر لە نیو ملیۆن مردنیش هەیە، تا ئێستە رێكخراوی تەندروستی جیهان گومانی لە زانیاری زانایان هەیە، بەوەی ڤایرۆسەكە لە رێگەی هەواوە دەگوازرێتەوە.
ناكۆكی لەبارەی چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا هەیە
239 زانا لە 32 دەوڵەت نامەیەكیان ئاراستە كردووە و روونی دەكەنەوە كە دەكرێت ڤایرۆسی كۆرۆنا لە رێگەی تەنۆڵكەكانی ناو هەواوە بگوازرێتەوە و بەوشێوەیە پەتاكە بڵاو ببێتەوە، زانایانی واژوویان لەسەر نامەكە كردووە، داوایان لە رێكخراوی تەندروستی جیهانی كردووە كە پێداچوونەوە بە رێنوێنییەكانی بكاتەوە سەبارەت بە خۆپارێزی لە كۆرۆنا، وەك راپۆرتێكی "نیویۆرك تایمز"، بڵاوی كردەوە.

رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە نوێترین زانیارییەكانی سەبارەت بە ڤایرۆسەكە كۆتای مانگی رابردوو بڵاوی كردەوە گوتی، ئەو ڤایرۆسە بە هەوا ناگوازرێتەوە، تەنیا ئەگەر لە رووی زانستییەوە هاتە سەلماندن، بەڵكو لە رێگەی دڵۆپی قەبارە كەمتر لە پێنج مایكڕۆن دەگوازرێتەوە، بۆیە تا ئێستە رێكخراوەكە وای دەبینێت كە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە رێگەی تەنۆڵكەی ناو كۆكە و پژمین دێتە دەرەوە و بە خێرایی دەكەوێتە سەر زەوی.

راپۆرتەكە ئاماژە دەكات كە ئەگەر ئەو قسانە راست بن، پێویستە هەموو دامەزراوە تەندروستییەكان لە دنیا، چاو بە رێوشوێنەكانی چارسەركردن و خۆپارێزی لەناو دامەزراوە تەندروستی و دەرەوەیش بخشێننەوە، بەتایبەتی لەبارەی جلوبەرگ و دەمامك و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ تووشبووان و هەڵسوكەوت لە شوێنە گشتییەكاندا، چونكە مانای وایە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لە شوێنە داخراوەكان هەیە. 

زانایان لەو بەڵگانەی دەیخەنە روو مانای وایە ئەگەر گوێیان بۆ بگیرێت، دەبێت چاو بە سیستمی هەواگۆڕكێ لە قوتابخانەكان و ماڵ و كۆمپانیا و خانەكانی چاودێریدا بخشێندرێتەوە و فلتەری تایبەت بەكاربێت، كە رەنگە هەندێكی پاككردنەوەی بە تیشكی سەرووی بنەوشەیی بۆ كوشتنی ئەو تەنۆڵكانەی هەوا لەخۆ بگرێت. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل