نیشانەكانی تووشبوون بە بەردی گورچیلە

:: PM:08:39:05/07/2020 ‌

بەردی گورچیلە بە هۆكاری جیاجیا دروست دەبێت و ئازارێكی زۆر بە مرۆڤی تووشبوو دەبەخشێت، چونكە تووشی هەوكردن و خوێنبەربوون دەبێت بەهۆی رۆیشتنی ئەو بەردە لێوار تیژە بە بۆڕی میز و میزڵدانەوە، زۆرجاریش هەڵاوسان دروست دەكات.
پێویستە وەرزش بكرێت و كێشی لەش كۆنترۆڵ بكرێت و ئاوی پێویست بخورێتەوە
وەك ماڵپەڕی "هیڵس شووت"، باسی كردووە، د یشاینگ كاماس، پزیشیكی میزەڕۆ لە نەخۆشخانەی ووكهاردت لە بۆمبای لە هیندستان دووپاتی دەكاتەوە كە ناوەندی تەمەنی دروستكردنی بەردی گورچیلە لە پیاوان و ژنان لە نێوان 20-40 ساڵە، ئەو كەسانەی بەدەست نەخۆشی شەكرە و بەرزی پەستانی خوێن دەناڵێنن یان ئەوانەی خوێ زۆر دەخۆن، زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بە بەردی گورچیلە هەیە، لە نیشانەكانی:

یەكەم/ ئازاری پشت، كە زۆر باوە و پشت و لاتەنیشت و سكی نەخۆش ئازاری هەیە و بە تێپەڕبوونی كات زیاتر دەبێت، هەرچەند بەردەكە بچووكتر بێت، ئازاری زیاترە.

دووەم/ هەستكردن بە پێویستییەكی زۆر بۆ میزكردن، بەهۆی دروستبوونی بەردەكەوە كە ئازار و سووتانەوەی لەگەڵ دەبێت.

سێیەم/ بوونی خوێن لەگەڵ میز، ئەوە حاڵەتێكی كەم و دەگمەنە و 2%ی نەخۆشەكان هەیانە، بەهۆی ئازارخواردنی گورچیلەوە دەبێت.

چوارەم/ بۆنی ناخۆشی میز، دەبێتە هۆی هەوكردنی رێڕەوی میز، بەوەیش بۆنەكی ناخۆش لەكاتی میزكردن دروست دەبێت.

پێنجەم/ رشانەوە، زۆرێك لە سەرەتای دروستبوونی ئازار فەرامۆشی دەكەن، بەڵام لەگەڵ زیادبوونی هەستكردنی بە رشانەوە دروست دەبێت و هەندێك لە نەخۆشان دەڕشێنەوە. 

شەشەم/ تا و ماندووبوون.

حەوتەم/ كەمبوونەوەی میزكردن، ئەوكاتەی بەردەكە لە رێڕەوی میز گیر دەخوات، میزكردن زەحمەت دەبێت، رەنگە هۆكاری كەمبوونەوەیش بەهۆی وشكهەڵگەڕانەوە بێت. 

هەشتەم/ سووتانەوە لەكاتی میزكردن، ئەوكاتەی بەردەكە لەنێوان كۆئەندامی هەرس و میزڵدانەوە گیر دەخوات، هەستكردن بە سووتانەوە دروست دەبێت، بۆیە پێویستە وەرزش بكرێت و كێشی لەش كۆنترۆڵ بكرێت و ئاوی پێویست بخورێتەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل