ڤایرۆسی مەترسیداری كۆرۆنا، خەریكە رۆژ بە رۆژ زیاتر لە رابردوو بە وڵاتانی دنیادا بڵاو دەبێتەوە، بۆیە ئەمەریكا دەستی بە گرتنەبەری رێوشوێنی تایبەتی دژ بە ڤایرۆسەكە دەكات.
ئەمڕۆ پێنجشەم 30 كانوونی دووەمی 2020، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا باسی لە دامەزراندنی دامەزراوەیەكی تایبەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەكە كردووە.
بەگوێرەی "
شەفەقنا" لە بەیاننامەیەكدا كە كۆشكی سپی بڵاوی كردووەتەوە، باس لەوە كراوە ئەلێكس ئازار وەزیری تەندروستی و خزمەتگوزاریی مرۆیی ئەمەریكا، سەرۆكایەتی ئەم دامەزراوەیە دەكات و لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا لە هاوئاهەنگی و پێوەندیدا دەبێت.
لە دامەزراوەكەدا سوود لە كۆمەڵێك پسپۆڕ و زانای ئەمەریكی وەردەگیرێت. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێ كە رۆژی دووشەم ترەمپ پێشنیاری دابوو یارمەتی چین بدرێ بۆ كۆنترۆڵی نەخۆشییەكە.
سەرووی 18 مانگە ئەمەریكا لەگەڵ چین كەوتووەتە ناو جەنگێكی بازرگانی، بەڵام لە نوێترین تویتی ترەمپ باس لەوە كراوە پێوەندییەكانیان لەگەڵ چین زیاتر بووە و هەوڵی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەدەن.
سەرووی 170 كەس بەهۆی ڤایرۆسەكە گیانیان لە دەست داوە
بەپێی دواین ئامارەكان، سەرووی 170 كەس بەهۆی ڤایرۆسەكە گیانیان لە دەست داوە و بە هەزاران كەسیش تووشی ڤایرۆسەكە بوون.
پێویستە بگوترێ دوێنێ چوارشەم 29ی كانوونی دووەمی 2020، وەزارەتی تەندروستی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی بڵاوی كردەوە، توانیویانە یەكەم حاڵەتی تووشبوون بەو ڤایرۆسە لە وڵاتەكەیان تۆمار بكەن.
ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كۆتاكانی ساڵی رابردوو لە پارێزگایەكی چین سەری هەڵدا، بەڵام ئێستە گەیشتووەتە 30 پارێزگای چین و حاڵەتی تووشبوون بەم ڤایرۆسە لە 16 وڵاتی تری دنیا راگەیەنراوە.
ڤایرۆسەكە وەك هەر ڤایرۆسێكی تر ماوەیەك نیشانەی سەرەتایی وەك تا و پشووسواری هەیە كە لەوانەیە كەسەكە خۆی هەستی پێ نەكات، دوو هەفتە دەخایەنێ تا كاریگەرییەكانی ڤایرۆسەكە بە تەواوی لەسەر لەشی مرۆڤ دەربكەوێت.
محەمەد قادر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی پێشتر بۆ "وشە" باسی لەوە كردووە، وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بۆ رێگریكردن لە گواستنەوەی ئەم ڤایرۆسە بۆ هەرێمی كوردستان، رێوشوێنی پێویستی گرتووەتەبەر و لەگەڵ WHO لە پێوەندی و هاوكاریدایە و هیچ حاڵەتێكی ڤایرۆسەكەش لە كوردستان تۆمار نەكراوە.