حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا لە نەجەف رەت دەكرێتەوە

:: PM:12:42:30/01/2020 ‌

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ژمارەی زیاتری حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ناو وڵاتانی دنیا، هەندێك جار بە هەڵە هەواڵی جیاواز لەسەر تۆماركردنی حاڵەتی كۆرۆنا لەو وڵاتانە بڵاو دەكرێتەوە كە هێشتا دوورن لە ڤایرۆسەكەوە و نوێترین دەنگۆیش لە نەجەف  بڵاو بووەتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 30 كانوونی دووەمی2020 "شەفەقنا" لە زاری سۆمەریە بڵاوی كردەوە، بەشێك لە میدیاكان دەنگۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە نەجەفیان بڵاو كردووەتەوە، بەڵام فەرمانگەی تەندروستیی شارەكە رەتی دەكاتەوە.

فەرمانگەی تەندروستیی نەجەف بۆ رەوینەوەی نیگەرانیی هاووڵاتییان، بەیاننامەی بڵاو كردووەتەوە و گوتوویەتی، هیچ حاڵەتێك تۆمار نەكراوە و لە نەخۆشخانەی نەجەف هیچ كەسێك لەبەر ئەم نەخۆشییە نەخەوێنراوە.

پێویستە بگوترێ هەر لە چەند رۆژی رابردوودا لە هەولێریش دەنگۆیەكی لەمشێوەیە بڵاو كرایەوە، بەڵام وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رەتی كردەوە هیچ حاڵەتێك لە كوردستان تۆمار كرابێت.

بەپێی دواین ئامارەكان، سەرووی 170 كەس بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیانیان لە دەست داوە ]
 بەپێی دواین ئامارەكان، سەرووی 170 كەس بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیانیان لە دەست داوە و بە هەزاران كەسیش تووشی ڤایرۆسەكە بوون.

دوێنێ چوارشەم  29ی كانوونی دووەمی 2020یش وەزارەتی تەندروستی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی بڵاوی كردەوە، توانیویانە یەكەم حاڵەتی تووشبوون بەو ڤایرۆسە لە وڵاتەكەیان تۆمار بكەن.

ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كۆتاكانی ساڵی رابردوو لە پارێزگایەكی چین سەری هەڵدا، بەڵام ئێستە گەیشتووەتە 30 پارێزگای چین و حاڵەتی تووشبوون بەم ڤایرۆسە لە 16 وڵاتی تری دنیا راگەیەنراوە.

ڤایرۆسەكە وەك هەر ڤایرۆسێكی تر ماوەیەك نیشانەی سەرەتایی وەك تا و پشووسواری هەیە كە لەوانەیە كەسەكە خۆی هەستی پێ نەكات، دوو هەفتە دەخایەنێ تا كاریگەرییەكانی ڤایرۆسەكە بە تەواوی لەسەر لەشی مرۆڤ دەربكەوێت.



وشە - سلێمان تاشان