بانكی خوێن داوایەك ئاراستەی چاكبووانی كۆرۆنا دەكات

:: AM:11:41:19/09/2020 ‌
بەڕێوەبەرایەتی بانكی خوێن داوایەك ئاراستەی ئەو هاووڵاتییانە دەكات كە تووشی كۆرۆنا بوون و چاك بوونەتەوە، سەردانی بانكی خوێن بكەن.

ئەمڕۆ شەموو 19ـی ئەیلوول، لە ڕوونكردنەوەیەكی بەڕێوەبەرایەتی بانكی خوێندا هاتووە، لەگەڵ ئەم هەڵكشانەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەولێر، ژمارەیەكی زۆری تووشبووان تۆمار كران، بەڵام ژمارەیەكی بەرچاو لە چاكبووانش رۆژانە تۆمار دەكرێن، لەوانە هەندێكیان خۆبەخشانە، هەندێكیان دوای پێوەندی پێوەكردنیان لەلایەن بانكی خوێن، رۆژانە سەردانی بانكی خوێن دەكەن بۆ بەخشینی پلازما.

بانكی خوێن تاكە گرەنتیی گەیاندنی پلازمای چاكبووی كۆرۆنایە
ئەو بەڕێوەبەرایەتییە ئاشكرای كردووە، ماوەیەكە لە رێی سۆشیال میدیاوە رۆژانە چەندان هاووڵاتی پۆست دەكەن كە چاكبووی كۆرۆنان، ئەگەر نەخۆشێك هەبێ پلازمای پێ ببەخشن، داوایان لێ دەكەین سەردانی بانكی خوێن بكەن بۆ بەخشینی پلازماكەیان، بانكی خوێن تاكە گرەنتیی گەیاندنی پلازمای چاكبووی كۆرۆنایە.

باس لەوەش كراوە، ئێستە چەند نەخۆشێك كە لەژێر چاودێڕی پزیشكیدا دەناڵێنن و لەوانەیە ئەو پلازمایە كۆتا و تاكە هیوا بێ بۆ بەخشینەوەی ژیان پێیان.

ڕوون كراوەتەوە، هەركەسێك بیەوێ پلازما ببەخشێت، دەتوانن رۆژانە سەعات هەشتی بەیانی تا هەشتی شەو سەردانمان بكەن.



وشە - رامیار جەواد