حكوومه‌ت گرنگی به‌ كۆمپانیا و نووسینگه‌كانی دراو ده‌دات

:: PM:01:55:19/09/2020 ‌
حكوومه‌ت بڕیارى دا بۆ له‌مه‌ودوا فرۆشتنی دۆلار به‌شێوه‌ی كراوه‌ ده‌‌بێت و كۆمپانیایه‌كی ئاڵوگۆڕی دراویش باس له‌ گرنگی ئه‌و هه‌نگاوه‌ ده‌كات و پێی وایه‌، بڕیارەکە‌ چه‌ندان سوودی بۆ كۆمپانیا ئه‌هلییه‌كان ده‌بێت و قۆرخكاری له‌ بازاڕه‌كاندا ناهێڵێت.
چه‌ندان سوودی بۆ كۆمپانیا ئه‌هلییه‌كان ده‌بێت و قۆرخكاری له‌ بازاڕه‌كاندا ناهێڵێت
ئه‌مڕۆ شه‌موو 19ی ئه‌یلوول، ڕامی شاكر بریكاری كۆمپانیای تاك نرخ بۆ ئاڵوگۆڕی دراو به‌ "وشه‌"ی ڕاگه‌یاند، "فرۆشتنی دۆلار به‌ شێوه‌ی بازاڕی كراوه‌ سوودی زۆر ده‌بێت، ئه‌م هه‌نگاوه‌ شكۆ و دادپه‌روه‌ری بۆ كۆمپانیا و نووسینگه‌ و بانكه‌ ئه‌هلییه‌كان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌، كه‌ پێشتر بیر له‌ هه‌نگاوی وا نه‌كراوه‌ته‌وه‌".

زیاتر گوتی، "به‌و هه‌نگاوه‌ كه‌ حكوومه‌ت ناویه‌تی، كڕیاری دۆلاری ئه‌مه‌ریكی زۆر ده‌بێت به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌ ئاشكرا فرۆشتنه‌كه‌ ده‌كرێت و نرخی كه‌می له‌سه‌ر داده‌نرێت و ململانێی باش له‌ نێوان كۆمپانیاكاندا ڕوو ده‌دات، هه‌روه‌ها ده‌بێته‌ هۆی دابه‌زینی نرخی دۆلاریش به‌هۆی ئه‌وه‌ی حكوومه‌ت له‌و ڕێیه‌وه‌ دۆلارێكی زۆر ده‌خاته‌ بازاڕه‌وه‌ و قۆڕخكاری نامێنێت ته‌نیا بۆ كۆمپانیایه‌ك".

ڕوونی كرده‌وه‌، "به‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌م هه‌نگاوه‌، له‌ بازاڕی ئازاددا دۆلاری شینیش له‌ بازاڕه‌كاندا زۆر ده‌بێت و چه‌ند كۆمپانیایه‌ك تایبه‌ت بۆ خۆیان نایبه‌ن و به‌ نرخێكی گران به‌ ئێمه‌ی بفرۆشنه‌وه‌".

ئاشكرای كرد، "هه‌نگاوه‌كه‌ی حكوومه‌ت نموونه‌ییه‌ و هه‌لێكی باش و گرنگه‌ و زۆریش شه‌فافه‌، چونكه‌ پێشتر ته‌نیا به‌ چه‌ند بانكێك ده‌درا، ئێسته‌ هه‌ر لایه‌نێك مۆڵه‌تی فه‌رمی هه‌بێت به‌شداری له‌و كڕینه‌ ده‌كات".

ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی وه‌زیری دارایی و ئابووری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بڕیار درا له‌مه‌ودوا گۆڕینه‌وه‌ی دۆلار به‌ دینار له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه‌ به‌شێوه‌ی فرۆشتنی ئاشكرا بێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ گرووپێكی ئه‌لیكترۆنی كارا كراوه‌ كه‌ سه‌رجه‌م بانكه‌ ئه‌هلییه‌كان و كۆمپانیاكان و نووسینگه‌كان كه‌ مۆڵه‌تی فه‌رمییان هه‌یه‌ بۆ گۆڕینه‌وه‌ی دراو، ده‌توانن به‌شداربن له‌و پرۆسه‌ی كڕینی ئاشكرایه‌دا بۆ گۆڕینه‌وه‌ی دۆلار به‌ دینار، ئه‌مه‌ش له‌ پێناو نه‌هێشتنی قۆرخكاری و هه‌لی وه‌ك یه‌ك بۆ هه‌مووان و زیادكردنی داهاتی گشتی.


وشە - محەمەد میران