خاوه‌ن پڕۆژه‌كانی‌ نیشته‌جێبوون له‌ كه‌لار فێڵ له‌ هاووڵاتییان ده‌كه‌ن

:: PM:06:38:19/09/2020 ‌
سه‌تان منداڵ له‌ شارۆكه‌ی كه‌لاری ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیان كێشه‌ی‌ چوونه‌ قوتابخانه‌ و ته‌واوكردنی خوێندنیان هاتووه‌ته‌پێش به‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی قوتابخانه‌كان له‌ ماسته‌ر پلاندا جێگیر نه‌كراوه‌ و پڕۆژه‌كانی‌ نیشته‌جێبوون ته‌واو نه‌كراون.

كه‌سوكاری مندالاَنی پڕۆژه‌ی كه‌لاری نوێ "وشه‌"یان له‌وه‌ ئاگاداركرده‌وه‌، زیاتر له‌ هه‌زار منداڵیان گرفتی نه‌بوونی قوتابخانه‌یان هه‌یه‌، چونكه‌ ماوه‌ی چوار ساڵه‌ پڕۆژه‌كه‌ قوتابخانه‌ی‌ بۆیان ته‌واو نه‌كردووه‌.

ئاسۆ عه‌بدولاَ، به‌نوێنه‌رایه‌تی هاوولاَتییانی ئه‌و گونده‌، بۆ "وشه‌" ئاشكرای كرد، په‌روه‌رده‌ی كه‌لار و وه‌به‌رهێنانیان ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌ بۆچاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌یان.

عه‌داله‌ت له‌تیف، به‌رێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی كه‌لار به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، هاوولاَتییانی گوندی كه‌لاری نوێ ئاگاداریان كردینه‌وه‌ كه‌ زیاتر له‌ هه‌زار منداڵیان ناچارن جاده‌كان ببڕن و بڕۆن بۆشوێنی تر بۆ درێژدان به‌خوێندن له‌ ئه‌گه‌ری كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌كان، چونكه‌ قوتابخانه‌ی گونده‌كه‌یان ته‌واو نه‌كراوه‌.

 زیاتر گوتی، بۆ ته‌واوكردنی پڕۆژه‌ی قوتابخانه‌ و باخچه‌ی ساوایان، خاوه‌نی پرۆژه‌كه‌ باسی له‌وه‌كردووه‌ كه‌ پاره‌ی لای خه‌ڵكه‌ و خه‌ڵك پاره‌ بۆ بهێنێته‌وه‌ ده‌ست به‌ ته‌واوكردنی قوتابخانه‌ و باخچه‌ی مندالاَنی گونده‌كه‌ ده‌كاته‌وه‌.

ره‌حیم محه‌مه‌د، سه‌رپه‌رشتیاری پرۆژه‌ی كه‌لاری نوێ  بۆ "وشه‌" گوتی، هه‌ركات هاوولاَتییان پاره‌یان راده‌ستكردین ئێمه‌ پاره‌مان به‌رده‌ست بێ پڕۆژه‌ی قوتابخانه‌ و باخچه‌ی مندالاَن ته‌واو ده‌كه‌ین.

هاوكات هاوولاَتییانی پڕۆژه‌ی دریم لاند له‌ رێگه‌ی ئارتز حه‌سه‌ن، "وشه‌" یان له‌وه‌ ئاگادار كرده‌وه‌ یه‌كه‌كانی ئه‌وان قوتابخانه‌ی تێدا نیه‌ كه‌ ژماره‌یان مندالاَنیان ده‌گاته‌ هه‌زار منداڵ.

مه‌حموود له‌تیف، به‌رێوه‌به‌ری وه‌به‌رهێنانی گه‌رمیان، بۆ "وشه‌" ئاشكرای كرد، قوتابخانه‌ له‌ ماسته‌ر پلانی پرۆژه‌ی دریم لاندا نه‌بووه‌ و خاوه‌نی پرۆژه‌ی دریم لاند و له‌ناوچه‌كه‌یه‌ و به‌ڵگه‌ی هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی كه‌لاری نوێش له‌ ناوچه‌كه‌یه‌ ده‌ڵێ پرۆژه‌كه‌ ده‌ستی ده‌ستی پێ كراوه‌ و تووشی ته‌نگژه‌ی‌ دارایی هاتووه‌ .

گه‌رمیان/ سه‌بری هۆرێنی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم