تاوەری ئیفێڵ دوای سێ مانگ داخران بەڕووی گەشتیاران دەكرێتەوە

:: AM:11:46:10/06/2020 ‌
تاوەری ئیفێڵ كە بەناوبانگترین هێمای پاریسی پایتەختی فڕەنسایە، دوای سێ مانگ داخرانی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەم مانگەدا بەڕووی گەشتیاران دەكرێتەوە.

بڕیارە لە 25ی حوزەیران تاوەرەكە بكرێتەوە و حكوومەتیش بۆ رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا، رێوشوێنی توندی دیاری كردووە.

بۆ نموونە گەشتیاران ئەگەر بیانەوێ لە تاوەرەكە سەربكەون، بۆیان نییە سوود لە ئاسانسۆر وەربگرن، بەڵكو تەنیا بۆیان هەیە لە پەیژەكانەوە سەربكەون، هاوكات هەموو گەشتیاران پێویستە دەمامك بەكار بهێنن.

ئەو كۆمپانیایەی سەرپەرشتی تاوەرەكە دەكات باسی لەوە كردووە، لەوەتەی جەنگی دووەمی جیهانییەوە تاوەری ئیفێڵ هێندەی ئەو ماوەیەی رابردوو دانەخرابوو. هەر كەسێك بچێتە فڕەنسا ئارەزووی بینینی ئیفێڵ دەكات.
تاوەری ئیفێڵ 324 مەتر بەرزە

تاوەری ئیفێڵ 324 مەتر بەرزە و لەو ماوەیەی داخرابوو، بە وێنە و جوانكاری گرافیكی و تیشك، هەندێك چالاكی هەبوو و سوپاسی كارمەندانی تەندروستی دەكرد لەو هەوڵانەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا گرتوویانەتەبەر.

بەگوێرەی یۆرۆنیوز لە دوای ئیفێڵ، كۆشكی ڤێرسای زۆرترین گەشتیار سەردانی دەكەن كە لە شەشی مانگەوە كراوەتەوە. 

سەرووی 154 هەزار كەس لە فڕەنسا تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و سەرووی 29 هەزاریان گیانیان لە دەست دا.




وشە - سلێمان تاشان