سۆیا چییه‌ و سووده‌كانی چین؟

:: PM:09:35:03/04/2018 ‌
زۆر جار پزیشك و ده‌رمانفڕۆشه‌ گیاییه‌كان باسى سۆیا ده‌كه‌ن، تا ئێسته‌یش به‌ شێك له‌ ئێمه‌ نه‌مان زانیوه‌ كه‌ ئاخۆ سۆیا چییه‌ و سوودى چییه‌ و چۆن ده‌ستمان ده‌كه‌ویت؟، له‌م ڕاپۆررته‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌ وردى هه‌موو شتێكتان له‌باره‌ى سۆیاوه‌ پێ بڵێن.

پێویسته‌ سه‌رتا بزانیین سۆیا چییه؟‌، ئه‌و جۆرە گیایەکە کە ناوکەکانی دەخورێت، لە سۆیا خۆراکگەلێکی جۆراوجۆر دروست دەکرێت. پاقلەی سۆیا لە جۆرەکانی تری پاقلە بابەتییەکان بەوە جیا دەکرێتەوە کە ھەر ھەشت ترشە ئەمینییە پێویستەکانی تێدایە بۆ لەشی مرۆڤ کە پرۆتینی پێ دروست دەکرێت.

سۆیا چەندین سوودی تەندروستی ھەیە وا دەکات زۆر بیخۆیت، ئەوانیش: 

1. شەکری تێدا نییە: بەرھەمەکانی سۆیا شەکری تێدا نییە و بۆ ھەموو کەس خۆشە، ھاوتای ھەموو خۆراکەکانی تریش کالۆری تێدایە.

2. چەوری بەسوودی تێدایە بۆ لەش: جێگرەوەیەکی باشە بۆ بەرھەمە ئاژەڵییەکان و دەوڵەمەندە بە پرۆتینی کوالیتی بەرز و ترشە چەورییەکان، ئەمەیش وا دەکات ھەستی تێربوون تا مەودایەکی درێژ بدات و پارێزگاری لە رێژەی شەکر بکات لە خوێندا. 

3. ئازاری ناوسک ناھێڵێت: دەبێتە جێگرەوەی شیر، چونکە لاکتۆزی تێدا نییە و ھەرسی ئاسانە و نابێتە ھۆی ئازاری ناوسک.

4. بەسوودە بۆ دڵ: بەھۆی بوونی ترشە چەورییە تێرنەبووەکانەوە، کاریگەریی ئەرێنی ھەیە لەسەر ئاستی کۆلیسترۆڵ و دواتریش لەسەر تەندروستی دڵ، بۆیە رێنوێنی دەدرێت کە کرێمی سۆیا لەجیاتی کەرە و تۆفۆ لەجیاتی گۆشت و گیراوەی سۆیا لەجیاتی ماست بخورێت.

ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانین كه‌ ئاوێتە بایۆلۆژییەكانی ناو سۆیا وەكو ئایزۆفلاڤۆنەكان  و هۆڕمۆنە ئیسترۆجینە ڕووەكییەكان سوودی زۆریان بۆ تەندروستی هەیە، خواردنی سۆیا بۆ دابەزاندنی ئاستی كۆلیستیرۆل لە خوێندا و پاراستنی دڵ لە نەخۆشی سوودی هەیە.

لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە خواردنی 25 - 50 گرام لە پاقلەی سۆیا بە ڕێژەی 10%، ڕۆژانە دەبێتە هۆی دابەزاندنی كۆلیستیرۆلی خراپ.

خواردنی سۆیا ڕێگایەكە بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجەی پرۆستات، سۆیا لە ئافرەتاندا، بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجەی مەمك بەسوودە، هەروەها ماوەی یان ڕۆژانی سووڕی مانگانەی ئافرەت درێژ دەكاتەوە كە ئەمەیش فاكتەرێكی تره‌ ئافرەت لە تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك دەپارێزێت.

سۆیا، یه‌كێكه‌ له‌و خۆراكانه‌ى كه‌ بۆ دژی هەوكردن و ئازاری جومگه‌كان باشه‌، بەڵام ئەگەر نەخۆشی شه‌كره‌ت هەیە خۆتی لێ مەدە.

‌هه‌روه‌ها به‌ سووده‌ بۆ سووككردنی ئەو نیشانانەی كە لەپاش وەستانی سووڕی مانگانەی ئافرەت سەرهەڵدەدەن وەكو تەزووی گەرم "Hot Flushes" و دڵ توندی و خەوزڕان، فره‌وانبوونی بۆڕییەكانی خوێن، ئەمەیش مرۆڤ دەپارێزێت لە تووشبوون بە پەككەوتنی دڵ و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، هەروەها تووشبووان بە نەخۆشی دڵ دەتوانن ڕۆژانە 25 گرام پرۆتینی سۆیا بخەنە ناو خۆراكیانەوە، بۆ پاراستنی ئێسكەكان لە تووشبوون بە لاوازبوون بەوەی كە بارستایی ئێسكەكان زیاد دەكات، ئەمەیش پاساوی ئەوە دەداتەوە كە ئافرەتانی ئاسیایی كە سۆیا زیاتر لە خۆراكیان دایە بە بەراوردكردن لەگەڵ ئافرەتانی ڕۆژئاوایی كەمتر تووشی لاوازبوونی ئێسك دەبن.

لێكۆڵینەوەكان دەڵێن كە زیاد خواردنی سۆیا لەوانەیە زیانی تەندروستی لێ بكەوێتەوە، لەبەر ئەو ئیسترۆجینە ڕووەكییانەی كە لە سۆیادان، بەتایبەتی بۆ منداڵان كە فۆرمیولای بە سۆیا وەردەگرن، چونكە دەبێتە ئەگەری ناهاوسەنگی هۆرمۆنەكان لە لەشدا كە لەوانەیە لە دوارۆژدا كاریگەری بكاتە سەر توانای منداڵبوون.

توێژینەوەیەكی نوێ ڕێنوێنیی هاووڵاتییان دەكات شیری سۆیا بخۆن لەجیاتی شیری مانگا، چونكە ئەمە ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجە كەم دەكاتەوە.

ئەم توێژینەوە نوێیە كۆمەڵێك لە توێژەرەوەكان لە بەلجیكا ئەنجامیان داوە تیایدا ئەوە هاتووە ئەو كەسانەی بەرهەمەكانی پاقلەی سۆیا دەخۆن ئەگەری توشبونیان بە شێرپەنجەی قۆڵۆن بەڕێژەی %44 كەم دەبێتەوە و بۆ خانمان و لە پیاواندا بەڕێژەی %40 كەم دەكاتەوە.


ئەو ئافرەتانەی كە بەرهەمەكانی پاقلەی سۆیایان خواردووە ئەوە ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی گەدە بە ڕێژەی %42 كەمی كردوە و و لە ناو پیاواندا بە ڕێژەی %29 كەمی كردوە .

جگە لەوەیش بەرهەمەكانی سۆیا ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەی پرۆستات لە پیاواندا كەم دەكات و توشبوون بە شێرپەنجەی مەمك لە خانماندا بەڕێژەی %36 كەم دەكات.

ئەنجامی توێژینەوەكان كە 20 ساڵی خایاندوە ئەوەیان ئاشكرا كردووە خواردنی بەرهەمەكانی پاقلەی سۆیا ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی شەكرە بەڕێژەی  %28 و نەخۆشی دڵ %4 و جەڵتەی مێشك بە ڕێژەی %36 كەم دەكاتەوە .

ده‌ركه‌وتووه‌ ئەو كەسانەی زیاتر بەرهەمە ڕووەكییەكان دەخۆن ئەوە كەمتر نەخۆشی دەبینن و لە ماوەی ژیانیاندا تەندروست باش دەبن و كەمتر توشی  نەخۆشی شەكرە دەبن.

سه‌رچاوه‌/ wikipedia - mawdoo3


وشە - محەمەد میران