پێش شەش ساڵ ژمارەیك چەكداری میلیشیا شیعەكان لە ناوچەی سەعدییە لە سنووری پارێزگای دیالە، دەستڕیژی گوللەیان لە نوێژخوێنانی مزگەوتێك كرد و زیاتر لە 200 كەس لە سوننە و كورد بوونە قوربانی، ئەمڕۆ دووشەم بڕیاری ئازادكردنی تاوانكاران درا، بۆیە ناڕەزایەتی توند دروست بوو.
لە 2014 دەیان كەسیان لە مزگەوێكی سوننە كوشتووە
عەلی حەمەئەمین، یەكێك لە كەسایەتییەكانی ناوچەی حەمرین بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ دووشەم گوندنشینانی سنووری ناوچەی ئیمام وەیس، نیگەران بوون كە هەواڵی ئازادكردنی ژمارەیەك تاوانباریان بیست .
زیاتر گوتی، زۆرینەی گوندەكانی حەمرین و ئیمام وەیس، رۆڵەكانیان لە تاوانی دەسترێژیكردن لە مزگەوتێكی ناوچەكە شەهید و بریندار بوون .
لای خۆیەوە ئەحمەد مەزهەر، پەرلەمانتاری سوننە لەسەر پشكی دیالە لە راگەیەنراوێكدا دووپاتی كردووەتەوە، ئازادكردنی تاوانبارانی قەسابخانەكەی ساڵی 2014، جێگەی قبووڵكردن نییە، چونكە پێش شەش ساڵ بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەركرا و دەبوو لە ماوەی شەش مانگدا بڕیارەكە جێبەجێ بكرایە، كەچی ئازاد كران.
روونی كردەوە، ئەوان وەك سوننە لەگەڵ دادگا لەبارەی بڕیاری ئازادكردنی ئەو تاوانبارانەوە كۆ دەبنەوە و روونكردنەوەیان دەوێ.
ئەگەرچی چەند هاووڵاتییەكی كوردیش لە ئاكامی ئەو تاوانە شەهید بوون، تا ئێستە كاردانەوەی بەرپرسانی كورد لە حكوومەتی دیالە و پەرلەمان، كە لە پشكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستانن، دەرنەكەوتووە.
ئەحمەد زڕگووشی، بەڕێوەبەری شارەدێی سەعدیەی سەر بە شارۆكەی خانەقین، لەبەر هەستیاری بابەتەكە پێی خۆش نەبوو قسە بكات، بەڵام ئەوەی خستە روو كە ژمارەیەك هاووڵاتی كوردیش لە ئاكامی دەستڕێژی گوللە شەهید و بریندار بوون.
لە مانگی ئابی ساڵی 2014دا، میلیشیا شیعەكان لە ناوچەی ئیمام وەیسی سنووری شارەدێی سەعدیە، لەكاتی بەڕێوەچوونی نوێژی هەینیدا، خۆیان كرد بە مزگەوتێكدا و دەستڕێژی گوللەیان لە نوێژخوێنان كرد، بەو هۆیەوە زیاتر لە 70 كەس كوژران و نزیكەی 160 كەسیش بریندار بوون، هەر ئەوكات هێز و لیستە سوننەكانی عێراق پێوەندییەكانیان لەگەڵ حكوومەتی ناوەند بایكۆت كرد و تاوانەكەیان خستە ئەستۆی میلیشیا شیعەكان، بۆ ئەوەیش بەرپرسانی سوننە بە بەڵگەوە ئاشكریان كرد كە میلیشیا شیعەكان ئەو تاوانەیان ئەنجام داوە، بۆیە فەرمانی لەسێدرەدان بۆ ژمارەیەك چەكدار دەرچوو كە پێنج كەس دەبوون.
گەرمیان/ سەبری هۆرێنی