كەمێك پێش ئێستە دوو گوندی سەر بە شارەدێكانی سەعدیە و گوڵاڵەی سەر بە شارۆكەی خانەقین لەلایەن چەكدارانی داعشەوە هاوەنباران كران و بەو هۆیەوە چوار منداڵ و ئافرەت بریندار بوون، هاوكات لە گوندێكی حەویجە لە سنووری پارێزگای كەركووك، هێرش دەكەنە سەر پۆلیسی فیدراڵ و ژمارەیەكیان دەكوژن.
داعش دەست بە جموجۆڵ دەكاتەوە
ئەحمەد زرگووشی، بەڕێوەبەری شارەدێی سەعدیەی سەر بە شارۆكەی خانەقین، بە"وشە"ی راگەیاند، ئەمشەو دووشەم تیرۆریستانی داعش گوندی مەعدانی سنووری شارەدێی سەعدیەیان هاوەنباران كرد، روونی كردەوە، هەشت گولە هاون كەوتووەتە خوارەوە، بەڵام خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبووە.
لای خۆیەوە عەلی حەیدەر، ئەفسەری هەواڵگری لە پۆلیسی دیالە، بە "وشە"ی راگەیاند، داعش لە هەمان كاتدا گوندی ئیسڵاحی سنووری شارەدێی گوڵاڵەی هاوەنباران كرد و بەو هۆیەوە سێ ئافرەت و منداڵێك بریندار بوون.
هاوكات هەر ئەمشەو تیرۆریستانی داعش لە سنووری شارۆكەی حەویجەی سەر بە پارێزگای كەركووك، پەلاماری گوندێكیان دا و بەو هۆیەوە چوار پۆلیس كوژران، عەمید فەتاح مەحموود، بەڕێوەبەری پۆلیسی شارۆكەی حەویجە بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمشەو تیرۆریستانی داعش پەلاماری گوندی نەكاریان دا و هێرشیان كردووتە سەر پۆلیسی فیدراڵ.
روونی كردەوە، بەوهۆیەوە چوار پۆلیس كوژراون و سێی تریش بریندار بوون، بەڵام زیانی تیرۆریستانی داعش نەزانراوە.
گەرمیان/ سەبری هۆرێنی