نۆی ئەم مانگە هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان یەكەم هەنگاوی كردەنیان بۆ نەهێشتنی نەهامەتی چەندساڵەی ئێزدییەكان دانا بە رێككەوتن لەسەر ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچەكە و وەدەرنانی هەموو گرووپە چەكدارە نایاساییەكان و رێخۆشكردن بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە و گەڕانەوەی خەڵكەكەی، گوتەبێژی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان وریایی لە پلانگیڕیی پەكەكە دژ بە رێككەوتنەكە دەدات.
پێشمەرگە و هێزە تەناهییەكانی عێراق ناوچەكە لە هێرشی تیرۆریستی دەپارێزن
موزاحم ئەحمەد حوێت، گوتەبێژ بەناوی ئەو هۆزانە ئەمڕۆ یەكشەم لە بەیاننامەیەك كە وێنەیەكی گەیشتە "وشە" گوتی، دەمانەوێ سەرۆك و شێخی هۆزە عەرەبییەكان لە شارۆكەی شنگال لە بوونی پلانگێڕیی رێكخراوی پەكەكە و ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی بەناو پارێزگای نەینەوا ئاگەدار بكەینەوە، ئەوانە دەیانەوێ رۆڵەی هۆزە عەرەبییەكان لە ناوچەی شنگال بێننە سەر شەقام دژ بە رێككەوتنی هەردوو حكوومەتی بەغدا و هەولێر سەبارەت بە شنگال، بەوپێیەی رێككەوتنەكە لە نێوان هەردوو حكوومەت دوور لە حزب و هێزی سیاسی و پەرلەمانتاران واژوو كراوە.
زیاتر گوتی، دەمانەوێ روونی بكەینەوە كە رەنگە سازكردنی ئەو خۆپێشاندانانە ببێتە هۆی گرتنی رۆڵەی ئێوە بەتۆمەتی وەستان دژ بە بڕیاری هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان، بۆیە پێویستە ئێوەیش پاڵپشتی لە رێككەوتنەكە دژ بەو تایفیانە بكەن كە هەوڵی خۆشكردنی ئاگری دووبەرەكی دەدەن لە نێوان رۆڵەكانی شنگال و لە كۆتاشدا پێتان رادەگەیەنم كە هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە تەناهییەكانی عێراق و كوردستان برای ئێوەن و بۆ پاراستنی ئێوە لە هێرشی تیرۆریستی لەوێن.