رێككەوتنی نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و فیدراڵ بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەكە پێشوازی لێ كرا، لە عێراق جیا لە هێزە شیعەكانی نزیك لە ئێران، لیستی "نەسر"ی شیعە و هاوپەیمانی نیشتمانی سوننە، پشتگیری لە رێككەتنەكە دەكەن .
خاڵەكانی رێككەوتنی هەردولا جێبەجێ بكرێت
ئایات مزەفەر، گوتەبێژی فەرمی لیستی "نەسر"، بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی، بە "وشە"ی راگەیاند، هەر هەنگاوێك نەتەوەكانی عێراق كۆ بكاتەوە یان دۆخی ناوچەیەكی عێراق یان كوردستان، وەك بەشێك لە عێراق ئاسایی بكاتەوە، پشتگیری دەكەین و هەوڵ دەدەین پەلەی تێدا بكرێت.
زیاتر گوتی، رێككەوتنی نێوان حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان هۆكارێكە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال، دەبوو زووتر كار بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو ناوچەیە بكرێت، ئێستەیش داواكارین خاڵەكانی رێككەوتنی نێوان هەردولا جێبەجێ بكرێت.
موزەفەر دووپاتی كردەوە، بۆ ئەو ناوچانە كە نەتەوە و ئاین و پێكهاتەی جیاوازیان تیادا دەژین گرنگە پەلە بكرێ لە رەخساندنی كەشێكی ئارام بۆ پێكەوەژیانی رۆڵەكانی.
لای خۆیەوە رەعەد دەهلەكی، پەرلەمانتاری عێراق لە لیستی هاوپەیمانی نیشتمانی سوننە بۆ"وشە" ئاشكرای كرد كە پشتگیری لە ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال و تەواوی ئەو ناوچانە دەكەن كە زیانمەندی دەستی تیرۆریستانی داعشن.
زیاتر گوتی، دەخوازین ئەو هەنگاوە ئاساییكردنەوەی ناوچەكانی تری هاوشێوەی شنگالی بەدوادا بێت، بۆ ئەوەی لە سایەی هێزی فەرمییەوە تێكڕای ئاوارەكان بتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
شایەنی باسە 9ی ئەم مانگە رێككەوتنێك لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق لە بەغدا سەبارەت بە ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال واژوو كرا، بەپێی رێككەوتنەكە هێزی پۆلیس لە سەنتەری شارۆكەكە جێگیر دەكرێ و ناوچەكەیش ئاسایی دەكرێتەوە و ئاوارەكانی بۆ دەگەڕێندرێتەوە، ئەوەیش یەكێك بوو لە دەسكەوتە سیاسییەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
گەرمیان/ سەبری هرێنی