لە 9ی ئەم مانگە هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان لە بەغدا رێككەوتنێكیان سەبارەت بە شنگال بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شارۆكەكە و دەوروبەری واژوو كرد، كە بۆ ئێزدییەكان دەستكەوتێكی مێژوویی و گەورە بوو دوای ئەو كارەساتەی بە دەستی داعش دووچاری هاتنەوە، گوتەبێژی حكوومەتی عێراق دووپاتی كردەوە كە رێككەوتنەكە هەندێك كەسی توڕە كردووە.
رێككەوتنەكە رێگە بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارەكە خۆش دەكات
ئەحمەد مولا تەڵاڵ، گوتەبێژ بەناوی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، رێككەوتنی نێوان هەردوو حكوومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان لەبارەی شنگال، كەسانێكی توڕە كردووە، بێ ئەوەی ناویان بێنێت.
زیاتر گوتی، رێككەوتنەكە خەڵكی ناوچەكە بۆ شوێنی خۆیان دەگەڕێنێتەوە و رێگەیش بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارەكە خۆش دەكات، كەسانی نامۆیش ئەوانەی لە دەرەوەی سنوورەكان هاتوونەتە ناوییەوە، وەدەریان دەنێت، وەك ئاماژەیەك بۆ چەكدارانی پەكەكە.
لەلایەكی تر مولا تەڵاڵ رای گەیاند كە خۆپێشاندەران هەلی ئەوەیان لەپێشە بۆ خۆرێكخستنەوە لە رووی سیاسییەوە و چوونە ناو كێبەركێی هەڵبژاردن، ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە گۆڕەپانی تەحریر شوێنی دەربڕینی رایە نەوەك هێرشكردنە سەر هێزە تەناهییەكان.
دووپاتی كردەوە، هیچ رێوشوێنێك بۆ چۆڵكردنی گۆڕەپانەكە وەرناگیرێ و گەنجانی خۆپێشاندەری ئاشتیخواز لەسەر راستكردنەوەی رێڕەوی پرۆسەی سیاسی و سەپاندنی خواستیان لە رێگەی رووخاندنی حكوومەتی پێشوو دوای پێشكەیشكردنی 560 شەهید، سوور بوون.