هۆزە عەرەبییەكان: هاتنی میلیشیاكان بۆ شنگال بەردەوامە

:: PM:08:45:11/02/2021 ‌

ساڵی رابردوو رێككەوتنێكی مێژوویی لەنێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال واژوو كرا، یەكێك لە بڕگەكانی وەدەرنامی میلیشیا و گرووپە نافەرمییەكان بوو، گوتەبێژ بەناوی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان وریایی لە هاتنی زیاتری میلیشیاكانی سەر بە ئێران بۆ ناوچەكە دەدات.
پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەپەلە هەڵوێستی خۆی ئاشكرا بكات
موزاحم ئەحمەد حوێت، گوتەبێژ بەناوی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان لە بەیاننامەیەكدا ئەمڕۆ پێنجشەم گوتی، وریایی لە هاتنی پاڵپشتیی سەربازی بۆ گرووپ و میلیشیاكانی ئێرانی لە شارۆكەی شنگال دەدەین، لەوانە گرووپەكانی حزبوڵا و نوجەبا و عەسائیب و بەدر، بۆیە وەك هۆزە عەرەبییەكان پێمان وایە هاتنی زیاتری ئەو هێزانە بەمەبەستی نانەوەی دووبەرەكیی تایفی و ترساندنی خەڵكی ناوچەكە و ئاڵۆزكردنی دۆخەكەیە.

روونی كردەوە، هاتنی ئەوان بۆ كۆتاهێنانە بە رێككەوتن و بڕیاری ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچەكە، كە نەتەوە یەكگرتووەكان لە رێگەی رێككەوتنی هەولێر و بەغداوە سەرپەرشتی دەكات، بۆیە داواكاریمان لە حكوومەتی عێراق دووپات دەكەینەوە بە پێویستی وەدەرنانی ئەو گرووپانە و گرووپی پەكەكەیش لە شنگال، وەك رێخۆشكردنی گەڕانەوەی ئاوارە و راگوازراوەكان كە ئێستە لە كەمپەكانن بەهۆی بوونی ئەو گرووپە یاساشكێنانە، كە دەستیان ئاشكرا بووە بەوەی ئەجیندای ئێران جێبەجێ دەكەن.

وەك حوێت دووپاتی كردەوە، ئەو گرووپانە دەیانەوێ خەڵكی ناوچەكە بخەنە ناو جەنگ و ململانێی ناوخۆییەوە، ئەویش بەمەبەستی بەشیعەكردنی ئەو ناوچانە و كۆنترۆڵكردنی لەپێناو بەرژەوەندیی ئێران و خستنی شنگال بۆ سەر ناوچەی جورف سەخڕ لە بابل، كە بەتەواوەتی لەژێر دەسەڵاتی ئێران و حزبوڵای لبنانییە، بۆیە بۆ هەمووانی رادەگەیەنین كە ئێستە شنگال بووەتە ناوچەیەكی ئێرانی و پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەپەلە هەڵوێستی خۆی ئاشكرا بكات، چونكە ئەو بابەتە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاشتەوایی كۆمەڵگایی.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل