به‌رپرسێك له ئۆپراسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی عێراق ئاشكرای ده‌كات، له شنگال روِوبه‌ڕووبوونه‌وه له نێوان سوپای عێراق و گرووپێكی چه‌كدار ڕووی داوه، به‌هۆیه‌وه سه‌ربازێكی عێراقی كوژراوه.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 14ی ئادار، لیوا ته‌حسین خه‌فاجی گوته‌بێژی فه‌رمی فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی عێراق، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، "ئه‌مڕۆ شه‌ڕ و پێكدادان له نێوان هێزه‌كانی فه‌وجی سێی لیوای شه‌شی سوپای عێراق و گرووپێكی چه‌كداری سه‌ر به په‌كه‌كه‌ی سووریا له چیای شنگال ڕووی دا، به‌هۆیه‌وه سه‌ربازێكی عێراقی كوژراوه."
زیاتر گوتی، "ئه‌و گرووپه چه‌كداره ده‌یانویست شوێنی مانه‌وه‌یان له خاكی عێراق به‌هێز بكه‌ن، به‌ڵام ناچار كراون به‌ره‌و سووریا پاشه‌كشه بكه‌ن و بۆمان ڕوون بووه‌ته‌وه سه‌ر به‌هه‌مان گرووپی چه‌كدارین كه له شنگالن".
ئاماژه‌ی دا، به‌په‌له ئۆپراسیۆنه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا ڕاسپێراون بۆ كۆمه‌ككردنی زه‌وینی و ئاسمانی هێزه‌كانمان له ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدان و ته‌شه‌نه‌كردنی هه‌ر پێكدادانێكی تر له ناوچه‌كه، له‌گه‌ڵ گرووپه‌كه چه‌كدارییه‌كان ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی شنگال.
ڕۆژی پێنجشه‌م 11ی ئادار، شه‌ڕی ده‌سته‌ویه‌خه له نێوان هێزێكی سه‌ر به پارتی كرێكارانی كوردستان و سوپای عێراق له شاره‌دێی سنوونێ دروست بوو. له ئه‌نجامدا سه‌ربازێكی سوپا بریندار بووه و ئۆتۆمبێلێكی سه‌ربازی سوپای عێراقیش برا. هۆكاری شه‌ڕه‌كه بۆ ئه‌وه گه‌ڕایه‌وه، پێشتر سوپای عێراق به‌ڵێنی به هه‌زار و 500 چه‌كداری سه‌ر به په‌كه‌كه دابوو كه سه‌ر به هێزه‌كانی ''پاراستنی ئێزیدخانن''، بكرێنه به‌شێك له سوپای عێراق، به‌ڵام واده‌كه كۆتایی هات و ڕێككه‌وتنه‌كه جێبه‌جێ نه‌كرا.
به‌پێی ڕێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كه ئه‌نجام دراوه، پێویسته دۆخی شنگال ئاسایی بكرێته‌وه و دۆخی ته‌ناهیی شارۆكه‌كه ڕاده‌ستی هاووڵاتییانی سنووره‌كه بكرێته‌وه، ئه‌وه‌یش به دامه‌زراندنی چه‌ندان كه‌س و ده‌ركردنی سه‌رجه‌م ئه‌و هێزه نایاساییانه‌ی له‌و شوێنه‌دا هه‌ن.