هێزەكانی عێراق داوا لە گرووپەكانی سەر بە پەكەكە دەكەن شنگال چۆڵ بكەن

:: PM:06:03:22/04/2021 ‌

لە وەتەی رێككەوتنی شنگال لە نێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال واژوو كراوە، گرووپە نافەرمییەكانی سەر بە پەكەكە و حەشدی شەعبی رێگرن لە جێبەجێكردنی بڕگەكانی رێككەوتنەكە، جارێكی تر هێزەكانی عێراق داوا لەو گرووپانە دەكەن سنووری شارۆكەكە چۆڵ بكەن. 
داوایان لەو گرووپانە كردووە بەرەو چیای شنگال پاشەكشە بكەن
مانگی رابردوو سوپای عێراق سەرەتای مانگی نیسانی بۆ ئەو گرووپانە دیاری كرد، بۆ چوونە دەرەوە لە سەنتەری شنگال، بەڵام ئەوان جێبەجێیان نەكرد، ئێستە دووبارە ئەو بابەتە دووبارە بووەتەوە و بە پێی سەرچاوەیەكی تەناهی، ناكۆكی لە نێوان ئەو گرووپانە و سوپای عێراق سەری هەڵداوەتەوە و هێزەكانی یەپەشە، واتە یەكینەكانی پاراستنی شنگال، رێگریان لە هێزێكی سوپای عێراق كردووە بۆ جێگیربوون لەناو شارەدێی قەحتانییەی سەر بە شنگال.

زیاتر گوتی، دوای ئاگربەستێكی دوو هەفتەیی، ئێستە دووبارە ناكۆكی دروست بووە، بەڵام بەهۆی هاتنە سەر خەستی سەرانی حەشدی شەعبی دۆخەكە هێور بووەتەوە و هێزەكانی عێراق داوایان لەو گرووپانە كردووە بەرەو چیای شنگال پاشەكشە بكەن.

بەر لە چەند رۆژێك رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بۆ بەردەوامیی بوونی هێزەكانی سەر بە پەكەكە بە جلی هێزەكانی عێراق لە شنگال كرد و دووپاتی كردەوە كە ئەو رێككەوتنەی لە نێوان هەردوو حكوومەتی بەغدا و هەولێر بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال واژوو كراوە، تەنیا بە شێوە جێبەجێ كراوە. 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل