هێزی پشتیوانی یەك لە 2 مانگدا 3 هەزار بۆمبی پووچەڵ كردووەتەوە
بەرپرسی ئەندازەی هێزەكانی پشتیوانی یەكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، رایگەیاندووە كە هێزكانیان بە هاوكاری دوو ڕێكخراوی، توانیویانە نزیكەی سێ هەزار بۆمبی چێندراو پووچەڵ بكەنەوە.
لیوا مەحموود كاكەیی، بەرپرسی ئەندازەی هێزەكانی پشتیوانی یەك، رایگەیاندووە بە هاوكاری هەردوو رێكخراوی ( MAG و F.S.D)، لە ماوەی مانگی یەك و دووی ئەمساڵدا، توانیویانە نزیكەی سێ هەزار بۆمبی چێندراو پووچەڵ بكەنەوە، كە ئەو بۆمبانە لە چەند میحوەرێكی جیاوازی شەڕ لە لایەن ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە چێندرابوون.
روونتری كردەوە، ژمارەی دروستی بۆمبە پووچەڵكراوەكان، 2713 بۆمبی چێندراو و 10 پشتێنی بۆمبڕێژكراو بووە، هەروەها هێزەكانیان توانیویانە 350 یەكەی تەقینەوەیش تێك بشكێنن.
كاكەیی ئەوەیشی وتووە، كە ئەو بۆمب و مینانە، لە میحوەرەكانی خازر، گوێڕ و مەخموور هەڵگیراونەتەوە و پووچەڵ كراونەتەوە.
هاوكات لەگەڵ هەردوو رێكخراوی ناوبراو، هەماهەنگییان بەردەوامە بۆ هەڵگرتن و نەهێشتنی بۆمب و مینەكانی دیكەی ئەو میحوەرانە.
هێزەكانی پشتیوانی یەك، بریتییە لە هێزی پاڵپشتی چەك و تەقەمەنی قورس و گەورە، لە شەڕەكانی دژ بەداعش، رۆڵێكی گەورەیان بینیوە و وێڕای ئەو ئەركە، بەشی ئەندازەی ئەو یەكەیە، ئەركی هەڵگرتنەوە و پووچەڵكردنەوەی مین و بۆمب و ماددەی دیكەی تەقەمەنییە. ئەو هێزە لەلایەن سیهاد بارزانی، برای مەسعوود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە فەرمانداری دەكرێت.