زانیاری زیاتر لەسەر بۆردمانەكەی توركیا بۆ پەكەكە لە چیای شنگال

:: PM:06:42:30/06/2021 ‌

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم فڕۆكەیەكی جەنگی توركیا ئۆتۆمبێلێكی چەكدارانی پەكەكەی لە چیای شنگال بۆردمان كرد و بەو هۆیەوە ژمارەیەك كوژراو و بریندار هەیە.

شێخ موزاحم حوێت، گوتەبێژ بەناوی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان بۆ "وشە"، روونی كردەوە، سعات سێی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەم فڕۆكەیەكی جەنگی توركیا بۆردمانی ئۆتۆمبێلێكی چەكدارانی پەكەكەی لە چیای شنگال، بەتایبەتی لە ناوچەی سەردەشتی، كردووە كە سەركردەیەكی رێكخراوەكەی تیادا بووە. 
چەكدارانی پەكەكە چەند سەر مەڕێك دەبەن، دوای ئاشكرابوونیان شوانەكە بە سەختی بریندار دەكەن
زیاتر گوتی، بەپێی زانیارییەكان كوژراو و بریندار لەناو ئۆتۆمبێلەكەدا هەیە، كە سەركردەیان تیادایە. لەلایەكی تر شێخ مواحم ئاماژەی كرد كە ئێوارەی دوێنێ سەعات هەشت، چەكدارانی پەكەكە دەستدرێژیان كردووەتە سەر شوانێك لە ناوچەی بارا لە باكوری شارەدێی سنوونی سەر بە شارۆكەی شنگال.

زیاتر گوتی، كۆمەڵێك لە ئەندامانی پەكەكە هەستابوون بە دزینی چەند سەر مەڕێك، دوای ئاشكرابوونیان، خاوەنەكەی داوای مەڕەكانی كردبووەوە، بۆیە ئەوان هێرشیان كردە سەر ئەو شوانە، كە ناوی (ساڵح عوید جحێشی)یە و برینداریان كرد.   

شایەنی باسە تا ئێستە چەكدارانی پەكەكە بە چەند ناوێكی جیاجیا لە شنگالن، ئەوان رێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەكانی ئێزیدی و ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچەكە و جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال لە نێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكەن، هاوكات پاساوێكی باشیان داوەتە دەست توركیا بۆ بۆردمانكردنی شنگال و ئەو ناوچانەیش كە تیایدان، ئەوەیش گومانی لای خەڵك دروست كردووە لەبارەی ئەو ئەجیندایەی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان و عێراق جێبەجێی دەكات، تەنیا خزمەت بە ئێران و توركیا دەكات. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل