كازمی دووپات لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال دەكاتەوە

:: PM:09:37:16/08/2021 ‌

ئەمڕۆ دووشەم مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی پارێزگای نەینەوا و شنگالی كرد، لەوێ دووپاتی لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال كردەوە و رای گەیاند كە رێككەوتنەكە رێگە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی ئاوەدانكردنەوە و بنیاتنان لە ناوچەكە خۆش دەكات. 

كازمی لە میانی دیداری لەگەڵ هۆز و پیاوماقوڵانی شنگال گوتی، ئەو خاكە بووەتە شوێنێكی پیرۆز، چونكە خوێنێكی پاكی لەسەر رژاوە، خوێنی ئێزیدییە بەشەرەفەكان، هەروەها خوێنی گەنجانی هەموو عێراق كە ئازادیان كردەوە، چونكە ئەوە خاك و نامووسی ئەوانە.

كازمی دووپاتی كردەوە، خاكی شنگال وەك مەزارێكی زیندوو لە ویجدانی عێراقییەكان دەمێنێتەوە و شایەتحالیشە لەسەر بەرخودانی ئێزیدییەكان و دەستگرتنیان بە خاكەكەیان، ئەو ئاماژەی بۆ تاوانەكانی داعش لەوێ بەناوی ئاینەوە كرد كە شكستیان هێنا لە شكاندنی خۆراگریی ئێزیدییەكان، تەنانەت دەستگرتنیان بە خاكە مێژووییەكەیانی زیاتر كرد. 
كازمی: مۆزەخانەیەك دروست دەكەین بۆ زیندووهێشتنەوەی شەهیدانی ئەو دەڤەرە
كازمی رای گەیاند كە كار بۆ دروستكردنی مۆزەخانەیەك دەكەن، شەهیدانی ئەو دەڤەرە لە منداڵ و ژن و شەڕوانان زیندوو رابگرێت، هەروەها حكوومەت هەوڵی تەواو بۆ چارەسەركردنی دۆسیەی ئاوارە و ونبووانی ئێزیدی دەدات، بە یارمەتیدانی رزگاربووان و گەڕان بەدوای چارەنووسی ونبووانیان. 

سەرۆك وەزیرانی عێراق دووپاتی كردەوە كە بەردەوام دەبن لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال، كە رێگە بۆ دەست پێكردنی پڕۆژەكانی ئاوەدانكردنەوە و بنیاتنان لە ناوچەكە خۆش دەكات، هەروەها خۆشی و خۆشگوزەرانی و بەیەكەوەژیانی بۆ دەگەڕێنێتەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل