شنگالی: هەنگاوی داهاتوو سەردانی شاندێكی كوردییە بۆ بەغدا

:: PM:06:07:27/12/2021 ‌

ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق كۆتایی بە مشتومڕی دوو مانگ و نیوی دوای هەڵبژاردن هێنا و ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەو شێوەی لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەوەی بۆ رەوانە كرابوو پەسند كرد، كاندیدێكی براوەی پارتی دیموكراتی كوردستان هەنگاوەكانی دوای بڕیاری دادگای فیدراڵ ئاشكرا دەكات.
پێویستە لە ماوەی 15 رۆژ یەكەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمان ساز بكرێت
ماجد شنگالی، كاندیدی براوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ خولی نوێی پەرلەمانی عێراق لەسەر بازنەی شنگال گوتی، هەنگاوی داهاتوو دەست پێكردنی گفتوگۆكانە، لەو ناوەدا شاندێكی كورد سەردانی بەغدا دەكا و بەپێی نووسراوێكی گفتوگۆ، دەچێتە ناو دانوستان لەگەڵ هاوبەشەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق.

شنگالی روونی كردەوە، پێویستە بەپەلە كار بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بكرێت، بەتایبەتی گەیشتینە دوای قۆناغی پەسندكردنی ئەنجامەكان لەلایەن دادگای فیدراڵەوە و پێویستە پابەندی بە وادە دەستوورییەكانەوە هەبێت، بۆیە پێویستە لە ماوەی 15 رۆژ لە پەسندكردنی ئەنجامەكان یەكەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمان ساز بكرێت.

وەك ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، پێویستە لە دانیشتنەكەیش سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی دیاری بكرێن و دەرگەی كاندیدكردن بۆ پۆستی سەركۆمار بكرێتەوە و فراكسیۆنی گەورە بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆكی حكوومەت و پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بێتە راسپاردن.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل