تا ئێستە دۆخی شنگال ئارام نییە، بە شێوەیەك خەڵكی ئەو دەڤەرە بەشێكی زۆریان ئاوارەن لە كەمكپەكانەوە، ئەوەیش ماوەتەوە یان گەڕاوەتەوە، بەهۆی بۆمب و پاشماوەی شەڕ و بۆردمانەكانی توركیا بۆ ئامانجەكانی پەكەكە لە نائارامیدا دەژین، ئەمڕۆ ئێوارە لە بۆردمانێكی ئاسمانی لە شنگال، سێ كەس لە كوژراو و بریندار بوونە قوربانی.
سەرچاوەیەكی تەناهی رای گەیاند كە بەهۆی بۆردمانێكی ئاسمانی لە گەڕەكی شەهیدانی شاری شنگال بۆ ئۆتۆمبێلێك، كە پێ دەچێت بەهۆی درۆنەوە بووبێت، دوو كەس كوژران و یەكێكیش لە سەرنشینەكانی ئۆتۆمۆبێلەكە بریندار بووە.
هاوكات بە گوێرەی زانیارییەكانی دژەتیرۆری كوردستان، ئەمشەو 18ی تشرینی یەكەمی 2022، سەعات 20:20، فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی سوپای توركیا ئۆتۆمبێلی بەرپرسێكی پەكەكەی لە گەڕەكی شەهیدان لە ناوەندی شارۆكەی شنگال كردە ئامانج، بەو هۆیەوە بەرپرسەكە و چەكدارێك كوژران و چەكدارێكی تریش بریندار بوو.
كردنەئامانجی توركیا لە رێگەی درۆنەكانەوە، بۆ ئامانج و چەكدارانی پەكەكە بووەتە رۆژانە، لە ماوەی رابردوو لە شنگال و تەنانەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی و لە رۆژئاوای كوردستانیش، توركیا هەوڵی لەناوبردنی فەرماندە و ئەندامانی پەكەكە دەدات، لە چوارچێوەی شەڕێك كە دەیان ساڵە بەردەوامە و هەردوولا خاكی توركیایان جێ هێشتووە و لەناو خاكی هەرێمی كوردستان و عێراق و سووریا ناكۆكییەكانیان یەكلا دەكەنەوە.