بەهۆی بارانەوە لە چەند پارێزگایەكی عێراق كرایە پشوو

:: PM:10:17:09/01/2023 ‌

ئەمڕۆ دەستەی كەشناسی عێراق رای گەیاند كە لە سبەی سێشەمەوە تا رۆژی هەینی داهاتوو، ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بارانێكی ناوەند بۆ بەخوڕ بەخۆیانەوە دەبینن، جیا لە رەشەبا، ئەوەش وای كرد ژمارەیەك پارێزگەی عێراق سبەی بكەنە پشوو.

ئەو پشووە فەرمییەی هاتووەتە راگەیاندن فەرمانگەكان و قوتابخانە و زانكۆكان دەگرێتەوە، هۆكاری راگەیاندنی پشووەكەش ئەگەری زۆری دروستبوونی لافاو و بەرگەنەكردتن و كۆنی و خراپیی ئاوەڕۆكانە، كە ناتوانن بەرگەی بارانی بەخوڕ بگرن، وەك ئەو لافاوەی لە چەند رۆژی رابردوو لە بەغدا رووی دا.

ئەمڕۆ پارێزگاكانی موسەنا و دیوانییە و واست و نەجەف و زیقاڕ بۆ سبەی سێشەم پشوویان راگەیاند، كە لە دیوانییە و واست پشووەكە تەنیا قوتابخانەكان دەگرێتەوە، پێشبینی دەكرێت چەند پارێزگایەكی تریش پشوو رابگەیەنن، لەوانە بەسرە، ئەوە لەوكاتەی هەفتەی رابردوو 12 پارێزگەی عێراق پشوویان راگەیاندبوو.

ئەحمەد حەقی، چالاكی عێراقی دەڵێت، هۆكاری راگەیاندنی پشوو لەلایەن پارێزگاكان بۆ كۆنی ئاوەڕۆكان دەگەڕێتەوە، كە توانای گرتنەخۆی ئەو بارانە زۆرەیان نییە و لافاو دروست دەبێت، ئەوەش بۆ هەڵمژینی توڕەیی خەڵك، بۆیە پەنابردنە بەر راگەیاندنی پشوو لەگەڵ هەموو بارانێك بەڵگەی نوچخواردن و شكستە، هەڵاتنە لە دۆخەكە و بە خەڵك دەڵێن لە ماڵ بمێننەوە، لەوكاتەی ساڵانێكە پارەیەكی زۆر لە دروستكردنی ئاوەڕۆ خەرج كراوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل