ئێستە هیڵی ئینتەرنێت هەموو شتێكە، لە خوێندن و فەرمانگەكانی حكوومەت و هیتریش، دنیا بەرەو مامەڵە و حكوومەتی ئەلیكترۆنی دەچێت، كەچی عێراق لەوەش كێشەی هەیە، پسپۆڕێكی تۆڕەكانی ئینتەرنێت نهێنی لاوازیی هیڵەكانی ئینتەرنێت لە عێراق ئاشكرا دەكات.
ئەحمەد شمەری، پسپۆڕی تۆڕی ئینتەرنێت باسی سێ هۆكاری راستەوخۆ لەپشت لاوازیی هیڵی ئینتەرنێت لە عێراق دەكات و دەڵێت، چەند لایەن و كەسایەتی لەپشت كێشەی لاوازیی تۆڕی ئینتەرنێتن.
روونی كردەوە، كێشەی لاوازیی هیڵی ئینتەرنێت لە عێراق چەندان ملیۆن دینار دەخاتە گیرفانی لایەنی بەرپرس، ئەوەش بە مەبەست دەكرێت بۆ زیادكردنی قازانج، سێ هۆكاری سەرەكی و راستەوخۆ لەپشت ئەو كێشەیەن، دیارترینیان فرۆشتنی هەمان گورزەیە لەلایەن خاوەن تاوەرەكانەوە بۆ زیاتر لە بەشدارێك.
ئەو پسپۆڕە روونی كردەوە، چارەسەری بابەتیانەی ئەو كێشەیە ئەوەیە وەزارەتی پێوەندیكردن یەكەم نرخی یەكەكانی ئینتەرنێت كەم بكاتەوە، دووەم چاودێری فرۆشتنی بۆ بەكارهێنەر بكات، بە دڵنیابوونەوە لەوەی هەمان هیڵ بە زیاتر لە كەسێك نەفرۆشرێت.
شمەری ئاماژەی كرد، ئەو ئینتەرنێتەی وەزارەتی پێوەندیكردن بەڵێنی داوە بە نرخێكی كەم بیداتە خێزانەكان، پێویستی كردەنی ئەوان پڕ ناكاتەوە، بۆ پێوەندیكردن یان كردنەوەی سۆشیال میدیا و لە ماوەی 48 سەعات كۆتایی دێت و دەبێت خەڵكەكە هیتر بكڕن، بۆیە دابەزاندنی نرخی ئینتەرنێت شتێكی باشە، بەڵام لەوە باشتر كوالێتییەكەی باش بكرێت.