بەپێی كارنامەی دانیشتنی ئەمشەوی پەرلەمانی عێراق، بڕیارە دووەم خوێندنەوە بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی 2023 و 2024 و 2025 بكرێت، پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان پێی وایە ئەگەرچی سەرانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەسەر تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساكە كۆكن، بەڵام ناكۆكی لەسەر چەند بڕگەیەكی پڕۆژەكە هەیە.
ماجید شنگالی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەمشەو دووەم خوێندنەوە بۆ پڕۆژەیاسای بودجە دەكرێت و پێشبینی دروستبوونی ناكۆكی لەسەر چەند بڕگەیەكی پڕۆژەكە لەدوای دووەم خوێندنەوە دەكرێت، لەوانە زۆریی خەرجییەكان كە 199 ترلیۆن دینارە، ئەوەش ژمارەیەكی زۆر گەورەیە.
زیاتر گوتی، جیا لەوە رێژەی كورتهێنان لە یاساكەدا زۆر گەورەیە و بودجەكە بۆ سێ ساڵە، ئەوەش یەكەمجارە لە عێراق رووبدات، لەپاڵ ئەوانە نرخی بەرمیلی نەوت بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە، هەمووان دەزانن كە نرخی نەوت جێگیر نییە و پێوەستە بە گۆڕانكاریی سیاسی و ئابووری و ململانێ نێودەوڵەتییەكان، بۆیە هەیە دەڵێت ئەو نرخە زۆرە و هەشە دەڵێت كەمە.
شنگالی پێشبینی دەكات بەو هۆیانە و هۆكاری تریش لە دوای دووەم خوێندنەوە بۆ یاساكە، بەتایبەتی لەدوای جەژن، ناكۆكی سیاسی دروست ببێت، ئەگەرچی سەرانی هێزەكانی ناو هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەسەر تێپەڕكردنی یاساكە كۆكن، بەڵام لەگەڵ ئەوەش هەندێك ناكۆكی سەر هەڵدەدەن، دووپاتی كردەوە، بە گشتی پێشبینی دەكرێت بودجە لە دوای پشووی جەژنی رەمەزان تێپەڕ بكرێت.