قایمقامە سەپێنراوەكەی شنگال دەستی كێشایەوە: وەك قایمقام مامەڵەیان لەگەڵ نەكردم

:: PM:10:33:20/04/2023 ‌

فەهەد حامۆ، قایمقامی خۆبەخشی شنگال وەك خۆی دەڵێت و سەپێنراو بەسەر شارۆكەكە لەلایەن حەشدی شەعبی و یەپەشەوە، ئەمڕۆ دەستی لەو كارە كێشایەوە لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت، نە حكوومەتی عێراق و نە حكوومەتی خۆجێیەتی نەینەوا ددانیان پێدا نەنام.

ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا حامۆ بەیاننامەیەكی خوێندەوە و رای گەیاند كە لە كارە خۆبەخشییەكەی پاشەكشە دەكات، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە هەشت ساڵە شنگال بەدەست فەرامۆشكردن و نەبوونی خزكەتگوزاری سەرەكی، وەك ئاو و كارەبا و پڕۆژەكانی ژێرخان دەناڵێنێت.

روونی كردەوە، بەرپرسانی حكوومەتی عێراق و مووسڵ سەردانیان دەكردین، بەڵێنی پاڵپشتیكردنی ناوچەكەیان دەدا، بەڵام هیچیان بۆ نەكرد و بەڵێنەكانیان نەبردە سەر، جیا لەوە حكوومەتی عێراق و خۆجێتی نەینەوا وەك قایمقامی شارۆكەكە مامەڵەیان لەگەڵ نەكردم، چونكە وەك گوتیان شەرعیەتم نییە.   

شایەنی باسە فەهد حامۆ، لە 17ی تشرینی یەكەمی 2017 لەلایەن حەشدی شەعبی و بە پاڵپشتی هێزەكانی پاراستنی شنگالی لایەنگری پەكەكە وەك قایمقامی ناشەرعی شنگال راسپێردرا.

هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان لە 2020 رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی شنگالیان واژوو كرد، بۆ دوورخستنەوەی ئیدارە و هێزە ناشەرعییەكان لە شارەكە و دانانی ئیدارەیەكی شەرعی و هێزی پۆلیسی ناوخۆیی لە رۆڵەكانی ئەو شارە، جیا لە ئاوەدانكردنەوە و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان، بەڵام تا ئێستە هیچ نەكراوە، چونكە ئەگەرچی لەنێوان خۆیان ناكۆكن، بەڵام نە یەپەشە و نە حەشدی شەعبی و نە حكوومەتی عێراقیش ئامادە نین رێككەوتنی شنگال جێبەجێ بكەن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل