دوێنێ شارۆكەی شنگال ئاڵۆزی بەخۆیەوە بینی، كاتێك بێ رەزامەندی كوردانی ئێزیدی 25 خێزانی ئاوارەی عەرەبی سوننە گەڕێندرانەوە شارەكە، بەو هۆیەوە ئاڵۆزی دروست بوو، لەوانە هەڵكوتانە سەر مزگەوتی رەحمان لە شارۆكەكە، هاوكات لەكاتی گواستنەوەی رووداوەكان هەندێك لە سۆشیال میدیاكان وێنەی مزگەوتێكی شێوێنراویان بڵاو كردەوە، گوایە ئەو دیمەنەكانی مزگەوتەكەی شنگالە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەو وێنانە بە ساختە لە قەڵەم دەدات.
ئەمڕۆ هەینی
بەشی رووبەڕووبوونەوەی دەنگۆ سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند دوێنێ هەندێك لە سۆشیال میدیاكان وێنەیەكیان بڵاو كردووەتەوە و ئەو تێكستەی لەسەر نووسراوە، وەك ناڕەزایەتییەك بەرانبەر بە گەڕانەوەی عەرەبەكان بۆ ماڵەكانیان، كۆمەڵێك لە ئێزیدی مزگەوتی رەحمان تێكدەشكێنن و دەیسووتێنن.
روونی كردەوە، راستییەكەی ئەو وێنەی بڵاو كراوەتەوە بۆ رووداوی كوشتارگەكەی مزگەوتی موسعەب بن عومەیر لە دیالە لە ساڵی 2014 دەگەڕێتەوە، هەروەها دەركەوتنی لیوا لەیس حەمدانی، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگەی نەینەوا لە گرتەیەك لەناو مزگەوتەكە، سووتانی مزگەوتەكە رەت دەكەنەوە.
بەشی رووبەڕووبوونەوەی دەنگۆ سەر بە وەزارەتی ناوخۆ داوا دەكات بە وریاییەوە زانیاری و هەواڵەكان لە سەرچاوە فەرمییەكان وەربگیرێت و رێگە نەدرێت كەسانی دەروون نزم دەنگۆ بڵاو بكەنەوە و بۆشایی و ناكۆكی لەنێوان پێكهاتەكانی یەك وڵات دروست بكەن.