گەڕاندنەوەی خێزانەكانی داعش بۆ شنگال دۆخەكە زیاتر دەشێوێنێت

:: PM:07:52:29/04/2023 ‌

لە ماوەی دوو رۆژی رابردوو دۆخی شارۆكەی شنگال زیاتر لە پێشتر شێوا، هۆكارەكەشی گەڕاندنەوەی 25 خێزانی ئاوارەی عەرەبی سوننە بوو بێ رەزامەندیی كوردانی ئێزیدی و لێوردبوونەوەی تەناهی لە ناسنامەكانیان، ناڕەزایەتیی جەماوەری دروست بوو و كەسانێك هەلەكەیان قۆستەوە و هێرشیان كردە سەر مزگەوتێك، ئەوەش بابەتەكەی بە ئاقارێكی تر برد، بۆ رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو ئاڵۆزییانە، شارەزایەكی تەناهی داوای لێوردبوونەوە لە ناسنامەی ئاوارە گەڕێندراوەكان دەكات.

عەقیل تائی، شارەزای تەناهی دووپاتی كردەوە كە چەند لایەنێك لە عێراق هەن هەوڵی نانەوەی دووبەرەكیی تایفی و ئەتنی و ئاینی لە عێراق دەدەن، بۆیە پێویستە هێزە تەناهییەكان پێداچوونەوە بە زانیاری ئەوانە بكەن كە وەك ئاوارە دەگەڕێندرێنەوە، چونكە كەمپی هۆل هەزاران ماڵباتی تیرۆریستان لەخۆ دەگرێن، ئەوەش مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی شنگال، چونكە ئەوانە تا ئێستە هەڵگری بیر و هزری توندڕۆن.

روونی كردەوە، ئەو خۆپێشاندانانەی لە شنگال دروست بوو بەهۆی گەڕانەوەی 25 خێزانی ئاوارە بوو لە كەمپی هۆلەوە، كە بەداخەوە لەنێوانیان تیرۆریست هەبووە، كاتێك ئەوان ناسراونەتەوە، لەوانە كچێكی رزگاركراوی ئێزیدی یەكێكی ناسیوەتەوە، بۆیە ناڕەزایەتییەكەی گەورەی جەماوەری و نیگەرانی و بەرهەڵستكاری لە بەشێكی پێكهاتەكانی شنگال بەرانبەر بە گەڕانەوەی ئەوان هەیە.

سەبارەت بە میكانیزمی گەڕاندنەوەی ئەو ئاوارانەش، تائی دووپاتی كردەوە، چەند لایەنێك هەن هەوڵی گەرمكردنی ناكۆكی تایفی و ئەتنی و ئاینی لە رێگەی دروستكردنی دووبەرەكی لە نێوان پێكهاتەكان، بۆیە پێویست بە هێوربوونەوە و رەچاوكردنی رێككارییەكانی گەڕاندنەوەی ئەو ماڵباتانە بۆ هەردوو ناوچەی دەشتی نەینەوا و شنگالی ئارام دەكات. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل