شنگال.. گرووپەكانی سەر بە پەكەكە دەست بەسەر قوتابخانەیەكدا دەگرن

:: PM:09:05:04/05/2023 ‌

پەكەكە و گرووپانی لە شنگال و دەوروبەری پاڵپشتیان دەكات هۆكاری سەرەكیی نەهامەتی ئێزیدییەكانن، چونكە ئەوان رێگە بە ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو شارۆكەیە و گەڕانەوەی ئاوارەكانی نادەن، كە بووەتە ناونیشانی دڕندانەترین تاوان و كۆمەڵكوژی لە سەردەمی نوێی دنیادا، لە نوێترین كارەكانی پەكەكە و گرووپەكانی، دەستیان بەسەر قوتابخانەیەكی كوردیدا گرتووە و چۆڵی ناكەن.

میەسەر حەجی، بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال لەو بارەوە دەڵێت، ئەندامانی یەكینەكانی پاراستنی شنگال (یەپەشە)، دەستیان بەسەر قوتابخانەی (زریڤا ئوسی)ی تایبەت بە خوێندنی كوردیدا گرتووە، كە دوای تێكدانی لەلایەن داعشەوە لە 2014، رێكخراوێكی ژاپۆنی چاكی كردووەتەوە.

روونی كردەوە، ئێمە داوامان لە هێزە سەربازییەكان و پۆلیس كردووە ئەوان لە قوتابخانەكە دەربكەن، بەڵام بەداخەوە هیچیان نەكرد، چونكە ئەوانیش پاڵپشتی لە یەپەشە دەكەن، حەجی روونی كردەوە، مەترسی گەورە هەیە بەهۆی ئەوانەوە بینایەی قوتابخانەكە لەلایەن درۆنەكانی توركیاوە بكرێتە ئامانج. 

هەر ئەمڕۆ بەپێی سەرچاوەیەكی سەربازی، فڕۆكەكانی توركیا دوو هێرشی ئاسمانیان كردووەتە سەر ئەنددامانی پەكەكە لە دەوروبەری گوندی سەركەلی لە بناری چیای مەتینا لە شارۆكەی ئامێدی لە باكوری پارێزگەی دهۆك و تا ئێستە زیانی بۆردمانەكە نازانرێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل