شەمووی رابردوو محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكی حكوومەتی عێراق سەردانی چەند ناوچەیەكی دەشتی نەینەوای كرد و چاوی بە كریستیان و شەبەك و ئێزیدییەكان كەوت، سەردانی چەند كلێسایەكی كرد، بەڵام بەڵێنی خۆی نەبردە سەر بە سەردانیكردنی شنگال، تەنیا لە تەلاری پارێزگا چاوی بە ژمارەیەك پەرلەمانتار و كەسایەتی ئێزدییەكان كەوت، حكوومەتی عێراق پاساوی سەردانی نەكردنەكەی بە خراپیی كەشوهەوا هێنایەوە، بەڵام پەرلەمانتارێكی ئێزیدی باسی هۆكارێكی تر دەكات.
بڕیار بوو سوودانی سەردانی شنگال بكات و لە نزیكەوە ئاشنای دۆخ و كێشەكانی ببێت، بەڵام لەو سەردانە پەشیمان بووەوە و تەنیا چاوی بە نوێنەری ئەوان كەوت، لەوكاتەی سەردانی چەند ناوچەیەكی دەشتی نەینەوای كرد،
مەحما خەلیل، ئەندامی ئێزیدی لە پەرلەمانی عێراق لەو بارەوە دەڵێت، سوودانی پێش هاتنی بۆ نەینەوا، دووجار بەڵێنی بەمن دابوو كە سەردانی شنگال بكات، بەڵام سەردانەكەی بە پاساوی خراپیی كەشوهەوا هەڵوەشاندەوە.
ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرا كرد، دەركەوت كە هۆكاری هەڵوەشانەوەی سەردانەكەی سوودانی بۆ ئەوە بووە كە خۆپێشاندانێكی لایەنگرانی پەكەكە لە شنگال هەبووە، كە كۆنترۆڵی ئاسایشی شنگال دەكەن و نایانەوێ سوودانی دۆخی راستەقینە و ئەوەی لەوێ دەگوزەرێت ببینێت، بۆیە سەردانەكەی سوودانی بۆ نەینەوا بە ناتەواو لەقەڵەم دەدەین.
خەلیل روونی كردەوە، دەستوەردانی وڵاتانی دەوروبەر لە شنگال هەیە، جیا لەوە فەرامۆشكردنی ئێزیدییەكان هەیە و حكوومەتەكان بە عەقلیەتی دەوڵەت مامەڵە ناكەن، بەڵكو بە عەقلیەتێكی پێكهاتەیی سەیر دەكەن.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە كرد، هۆكاری سەردانینەكردنی سەرۆك حكوومەتەكان بۆ شنگال ئەوەیە كە شەهیدەكانی ئەو دەڤەرە ئێزیدین، هێزە تەناهییەكانی شنگالیش وەك بازرگانی مامەڵە لەگەڵ پەكەكە دەكەن و راپۆرتی هەڵە لەبارەی دۆخی شنگال بەرز دەكەنەوە، بۆیە داوا لە سەرۆك وەزیران دەكەین سەردانی شارۆكەكە بكات و لە نزیكەوە ئاگەداری دۆخی راستەقینەی ئەوێ بێت.