پلاسخارت باسی پارتی و یەكێتی و رێككەوتنی شنگال دەكات

:: PM:08:11:18/05/2023 ‌

ئەمڕۆ سەرۆكی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق لەبەردەم ئەنجوومەنی ئاسایش راپۆرتێكی لەبارەی دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان بە گشتی خوێندەوە، ئاماژەی بۆ چەند خاڵێكی گرنگ كرد كە لە هەندێكیان وریایی دا.

جینین هینس پلاسخارت، سەرۆكی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق داوای لە لایەنەكانی هەرێمی كوردستان كرد بۆ وەلانانی ناكۆكییكەكانیان و گوتی، پێوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا بەرەو باشییە، بەڵام هێشتا ئاڵۆزە، ئەو رووی لە حزبە كوردستانییەكان كرد و پێی گوتن كە خەریكە كات بەسەر دەچێت، ئاماژەی بۆ ناكۆكیی نێوان پارتی و یەكێتی كرد و دووپاتی لە هەوڵەكانی سەرۆكی هەرێم بۆ كۆكردنەوەی هەموو هێزە سیاسییەكان كردەوە.  

پلاسخارت باسی دۆخی عێراق و بابەتە گرنگەكانی كرد، لەوانە بێهیوایی خۆی بەرانبەر بە جێبەجێ نەكردنی رێككەوتنی شنگال لە 2020 دەربڕی، ئەو پەسندكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقی بە پێویستی و گرنگ لەقەڵەم دا، بەوەی پێویستە بەپەلە رێككەوتن لەسەر تێپەڕكردنی بكرێت، داوای گۆڕانكارییەكی ریشەیی لە ئابووری عێراق كرد لە رووی پشتبەستن بە نەوتەوە.

جیا لە باسكردنی پێویستیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، پلاسخارت وریایی لەوە دا كە لە 10 ساڵی داهاتوو عێراق ناتوانێت جگە لە 15%ی پێویستییەكانی لە ئاو دابین بكات، كاتێك 90%ی رووبارەكانی عێراق بەهۆی كەمیی ئاو و وشكبوونیان دووچاری پیسبوون هاتوونەتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل