پشووی پەرلەمانی عێراق دەست پێ‌ دەكات

:: AM:09:25:04/06/2023 ‌
ئەندامێكی لیژنەی دارایی عێراق رای دەگەیەنێت، تەواوبوونی خولی یاسادانانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كاریگەریی لەسەر پەسندكردنی بودجە نابێت، كۆبوونەوەی ئاسایی بەڕێوە دەچێت.

لە كۆتایی ئەم هەفتەیە پشووی هاوینەی پەرلەمانی عێراق دەستی پێ‌ دەكات، بەپێی پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، تا سێ‌ مانگی تر هیچ كۆبوونەوەیەك بەڕێوە ناچێت، بەڵام ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، پشووی پەرلەمان كاریگەریی لەسەر پەسندكردنی بودجە نابێت.

كاریگەریی لەسەر پەسندكردنی پڕۆژەیاساكە نابێت
ئەمڕۆ یەكشەم چواری حوزەیران، جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە "وشە"ـی راگەیاند، بەپێی مادەی 57 لە دەستووری عێراق، هەر وەرزێكی یاسادانان كە بودجەی تێبكەوێت، كۆتایی نایەت تا دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە یەكلا نەكاتەوە، بەو پێیە دەستپێكردنی پشووی وەرزی یاسادانان لە نۆی ئەم مانگە، كاریگەریی لەسەر پەسندكردنی پڕۆژەیاساكە نابێت.

زیاتر گوتی، پێویستە سەرەتا كێشەی لیژنەی یاسایی چارەسەر بكرێت كە جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران بە بڕیارێك كارەكانی راگرتووە، دواتر رێكارە یاساییەكانی تری پەسندكردنی بودجە دەگیرێتەبەر. 

باسی لەوەش كرد، كێشە سەرەكییەكەی بەردەم بودجە، مادەی 13 و 14یە كە تایبەتە بە پشكی هەرێم و هێشتا ئەمە چارەسەر نەكراوە، پێشبینی دەكرێت چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر ئەو دوو مادەیە پێشنیاز و داڕشتنەوەیەكی تر بدات بە ئەنجوومەنی نوێنەران، لەو حاڵەتەشدا چاوەڕێ دەكرێت سێ پێشنیاز تایبەت بە پشكی هەرێمی كوردستان بچێتە هۆڵی كۆبوونەوە و لەوێ دەنگ بە یەكێكیان بدرێت.

ماوەی مانگێكە كێشەكانی بودجە تا ئێستە لە لیژنەی دارایی ماوەتەوە، چەند پەرلەمانتارێكی عێراق دەیانەوێ دەستكاریی بەشی هەرێمی كوردستان بكەن.



وشە - رامیار جەواد