بەهۆی گەرماوە سبەی كرایە پشوو

:: PM:01:59:19/07/2023 ‌
بەهۆی بوونی گەرمایەكی بە تین لە پارێزگای بەسرەی باشووری عێراق، سبەی كرایە پشوو و لە كەركووكیش سەعاتێك دەوام كەم كرایەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 19ـی تەمووز، ئەسعەد عیدانی پارێزگاری بەسرە، بڕیاری دا بە ڕاگرتنی دەوامی فەرمی لە پارێزگای بەسرە بۆ سبەی پێنجشەم.

باس لەوەش كراوە، بڕیاری ڕاگرتنی دەوام بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما بووە كە پێشبینی دەكرێ‌ سبەی روو لە شارەكە بكات، پلەی گەرمی بگاتە سەرووی 50 پلە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پارێزگای بەسرە پلەی گەرمای زۆر بەرزی تۆمار كردووە، بەو هۆیەوە كاتی دەوام كەم كرایەوە.

لە بڕیارێكی راكان جبووری پارێزگاری سەپێنراوی كەركووكدا هاتووە، لە تەواوی پارێزگای كەركووك بەهۆی گەرماوە، دەوامی فەرمانگە حكوومییەكان بۆ سەعاتێك كەم كرایەوە.

لە ناوەڕاست و باشووری عێراقدا پلەكانی گەرما لە 50 پلە نزیك بووەتەوە، بەپێی پێشبینییەكانی كەشناشی، ئەگەری هەیە بگاتە سەرووی 50.



وشە - رامیار جەواد