ئیلیۆن ماسك هێڵی پێوەندی و ئینتەرنێت بۆ غەزە دابین دەكات

:: PM:07:06:28/10/2023 ‌
ئیلیۆن ماسك خاوەنی كۆمپانیای ستارلینك بۆ پێوەندییەكانی ئینتەرنێت، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی "X” /تویتەری پێشوو/ رای گەیاند كە كۆمپانیاكەی خزمەتگوزاریی پێوەندی بۆ رێكخراوە نێودەوڵەتییە فریاگوزارییەكان لە كەرتی غەزە دابین دەكات.

بەهۆی شەڕی نێوان سوپای ئیسرائیل و چەكدارانی بزووتنەوەی حەماس چەند رۆژێكە هێڵەكانی ئینتەرنێت و پێوەندی لە كەرتی غەزە پەكی كەوتووە.

 ئیلیۆن ماسك خاوەنی كۆمپانیای ستارلینك رای گەیاندووە، هێڵی پێوەندی و ئینتەرنێت لە رێی مانگی دەستكرد بۆ رێكخراوە نێودەوڵەتییە فریاگوزارییەكان لە كەرتی غەزە دابین دەكات.

كۆمپانیای ستارلینك، خاوەنی تۆڕێكی مانگی دەستكردە و خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت و پێوەندییەكان تەنانەت لەو ناوچە دوورانەیش دابین دەكات كە سیگناڵی تۆڕی پێوەندییە ئاساییەكان ناگاتە دەستیان، پێشتر ئیلیۆن ماسك رێگەی بە ئۆكراینییەكان دابوو سوود لە خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی مانگی دەستكردی كۆمپانیاكەی وەربگرن لەوكاتەی كە بەهۆی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆكراینا، رووسیا لە چەند ناوچەیەكی ئۆكراینا خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی پەكخستبوو.



وشە - رزگار خدر