بڕیارە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی عێراق لە 18ی كانوونی یەكەمی داهاتوو لە 15 پارێزگەی عێراق بكرێت، لەوانەش لە شارۆكەی شنگال، بەڕێوەبەری شارەدێی سنوونی سەر بە شارۆكەی شنگال، ئاشكرای دەكات كە هەڵمەتی هەڵبژاردن بەردەوامە و زیاتر لە 30 كاندید لە سنوورەكە هەن كە چواریان لە پەكەكەوە نزیكن.
لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق گرووپەكانی لایەنگری پەكەكە لە سنووری شنگال كاندیدیان هەبوو، بەڵام نەیانتوانی سەر بكەون، ئەو گرووپانە رێگرییان لە كاندیدانی پارتی كرد كە لە سنوورەكە بانگەشە بكەن، بەڵام شنگالییەكان دەنگیان بەوان دا و ئەوانیان كردە نوێنەری خۆیان لە پەرلەمانی عێراق.
خودێدا جووقی، بەڕێوەبەری شارەدێی سنوونی لە باكوری شارۆكەی شنگال ئاماژەی كرد، هەفتەیەكە هەڵمەتی هەڵبژاردن دەستی پێ كردووە و كاندیدان دەستیان بە بانگەشەكردن بۆ خۆیان كردووە، وێنەی خۆیان لە هەموو بەشەكانی شارۆكی شنگال هەڵواسیوە.
دووپاتی كردەوە كە چوار كاندیدی سەر بە یەكینەكانی پاراستنی شنگالی سەر بە پەكەكە بەشداری لە هەڵبژاردنەكە لە چوارچێوەی لیستی پارتی ئازادی و دیموكراسی لە شنگال دەكەن، ئاشكرای كرد كە ژمارەی كاندیدان لە شنگال زیاتر لە 30 كاندیدن، جیا لە كورسییەكی كۆتا كە چوار حزب كێبەركێی لەسەر دەكەن، ئەوانیش پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەربەخۆكان و پارتی ئازادی و دیموكراسین.