بەرێوبەری راگەیاندن و پێوەندیەكانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان رای گەیاند، وەك ئاسانكاری بۆ گەشتیاران لە بازگەكان شوێنی پشوودان دروست دەكرێت بۆ ئەوەی گەشتیاران لە كاتی هاتنیان بۆ كوردستان تا رێكاری تەناهییان تەواو دەبێت لەو شوێنانە پشوو بدەن.
ئیبراهیم عەبدولمەجید بەرێوبەری راگەیاندن و پێوەندییەكانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، بۆ "وشە" گوتی، بڕیاردراوە كە لە بازگەكان شوێنی پشوودانی گەشتیاران دروست بكرێت بۆ ئەوەی لە كاتی دێن بۆ هەرێمی كوردستان تا رێكاری تەناهییان بەرانبەریان دەگیرێتە بەر لەوشوێنانە پشوو وەربگرن كە ھۆڵ و دەستشۆر لە خۆی دەگرێت هەموو پێویستییەكانی تری تێدایە.
دووپاتی لەوە كردەوە كە ئەو كارە بۆ ئەوەیە گەشتیاران پێویستیان بۆ هەر شتێك هەبێت بۆیان جێبەجێ بكرێت و تووشی گەرما و سەرما نەبن، هەر چەندە لەبازگەكان ئاسانكاری تەواو بۆ گەشتیاران دەكرێن و لەماوەی چەند خولەكێك بەرێدەكرێن.
باسی لەوە كرد، لە تەواوی ئەو بازگانەی ھەرێمی كوردستان بە ناوچەكانی تر دەبەسترێنەوە شوێنی پشوودانی گەشتیارانی لێ دروست دەكرێت.
هەرێمی كوردستان گرنگی زۆر بە هاتنی گەشتیاران دەدات و ساڵانە هەزاران گەشتیان روو لە ناوچەكانی كوردستان دەكەن و كاتی خۆش لەناوچە گەشتیارییەكان بەسەر دەبەن.
وشە/ بڵند ئیبراھیم