لە ڕاگەیەنراوێکی بەپەلەی کۆشکی سپیدا بە هاوەڵیی هاوپەیمانەكانی ئەمەریکا ڕای گەیاند، حووسییەکان خۆیان بەرپرسیار دەبن لە هەر كاردانەوەیەك لە ئەگەری ئەوەی درێژە بە هێرشەکانیان بدەن لە دەریای سوور.
ئەمڕۆ سێی كانوونی دووەمی 2024
کۆشکی سپی ڕای گەیاند، هەریەکە لە حکوومەتەکانی ئەمەریکا، ئوسترالیا، بەحرەین، بەلجیکا، کەنەدا، دانیمارک، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، هۆڵەندا، نیوزلەندا و بەریتانیا، هەروەها ئەو هاوپەیمانییەتییە دەریاوانییەی کە لە 44 ئەندام پێکهاتوون، سەرکۆنەی هێرشەکانی حووسییەکان دەکەن لە دەریای سوور.
ئەمەریکا و هاوپەیمانانی دەڵێن، ئەو هێرشانە نایاسایین و بوونەتە هۆی بەرتەسکبوونەوە و پەکخستنی ئازادیی ئاوی و بەمەیش بازرگانیی جیهانیی پەکخستووە، ئەمەریکا هۆشداریی داوەتە حووسییەکان و ئاگاداریان دەکاتەوە لەوەی بەرپرسن لە هەر كاردانەوەیەك، ئەگەر بێت و درێژە بدەن لە هەڵسوکەوتە گێرەشێوێنییەکانیان.
لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا کۆشکی سپی نووسیویەتی، با ڕوون بین، حووسییەکان بەرپرسیارن لەوەی کە چیان بەسەر دێت، ئەگەر بێت و درێژە بدەن بە هێرشەکانیان لە دەریای سوور.