رووداوەكانی چەند رۆژی دوایی ئاماژە بۆ پەرەسەندنێكی گەورەی دۆخی ناوچەكە دەكەن، دوێنێ ئیسرائیل گورزێكی گەورەی لە حەماس دا و بەرپرسێكی گەورەی كوشت، ئەمڕۆش دوو تەقینەوە شاری كرمانی ئێرانیان هەژاند، كاریگەریی ئەو رووداوانە لە قسە و رووخساری حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵا زۆر دیار بوون، لە ئەگەری پەرەسەندنی دۆخی ناوچەكە ئەڵمانیا داوای لە هاووڵاتییانی كرد كە بەپەلە لبنان جێبێڵن.
پێ دەچێت دۆخی ناوچەكە بەرەو پەرەسەندنێكی گەورە بچێت، بەتایبەتی قسەكانی ئەمشەوی نەسروڵا كە هەڕەشەی گەورەی بۆ ئیسرائیل و ئەمەریكا تێكەڵ بە خۆگەورەزانین تیادا بوو، رەنگە ئەو قسانەش بە پەرەسەندنی زیاتری ئیسرائیل وەڵام بدرێتەوە و ئەمەریكا ناچاری هاتنە ناو شەڕەكە بكەن، ئەوەش وا بكات خودی ئێران ببێتە ئامانجی هێرشەكان بۆ ناچاركردنی میلیشیاكانی بۆ وەستانی هەڕەشە و هێرشەكانیان.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە پێگەی خۆی داوا لە هاووڵاتییانی لە لبنان دەكات بەپەلە لبنان جێبێڵن، چونكە ناكرێت شێوان و پەرەسەندنی دۆخەكە بەدوور بگیرێت، ئەوەش دوای كوشتنی ساڵح عاروور، بەتایبەتی لە ناوەچەكانی باشووری بەیرووت، بۆیە دۆخی تەناهی لە ناوچەكە تەواو ناجێگیرە و پێویستە هاووڵاتییانی ئەڵمانی بەخێرایی و بەهەر شێوەیەك بێت ئەو وڵاتە جێبێڵن.
ئەمشەو نەسروڵا لە وتارێكی لەبەردەم ژمارەیەك لە لایەنگرانی گوتی، كوشتنی عارووری لە باشووری بەیرووت، رووداوێكی زۆر مەترسیدارە و ناكرێ بەرانبەری بێدەنگ بین، بۆیە ئەو تاوانە بێ وەڵام و سزا نامێنێتەوە، ئەگەر شەڕ بە لبنان بفرۆشرێت ئەوە ئێمەش بەهەموو شێوەیەك دێینە ناو شەڕەكەوە.
ئیرینا نسۆكرمان، توێژەری ئەمەریكی پسپۆڕ لە كاروباری ناودەوڵەتی سەبارەت بە كوشتنی عارووری دەڵێت، كوشتنی عارووری لە باشووری بەیرووت كە مۆڵگەی حزبوڵای لبنانییە، پەیامێكە لەلایەن ئیسرائیلەوە بەوەی ئەگەر تاران لە پەرەسەندنی دۆخەكە لە رێگەی میلیشیاكانییەوە بەردەوام بێت، ئەوە دەتوانێت شەڕەكە بباتە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئێران و تەنانەت ناو خاكی ئێرانیش.