لە کۆتاییدا ئیسرائیل ئەو تونێلەی دۆزیەوە کە حەماس دیلەکانی تێدا حەشار داوە، بەگوێرەی سەرچاوە هەواڵییەکان، یەحیا سینوەر، سەرکردەی باڵای حەماس و ئەندازیاری هێرشە شۆکهێنەرەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لەو تونێلە دایە.
تونێلەکە ڕووبەرێکی گەورەی هەیە و ئیسرائیل
دەڵێ، پارەیەکی زۆر تەرخان کراوە بۆ لێدانی، کە دەکەوێتە ژێر شاری خان یونس لە باشووری کەرتی غەزە.
ئیسرائیل بڕوای بەوە نییە حەماس بە تەنیا لە توانایدا هەبووبێت ئەم تونێلە گەورەیەی دروست کردبێت، ئەمڕۆ 11ی کانوونی دووەمی 2024، سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، دروستکردنی ئەو تونێلە گەورەیە بە ملیۆنان ''شیکڵ''ی ئیسرائیلی تێچووە، چونکە هەڵکەندنی تونێلەکە و دانانی سیستمی هەواگۆڕکێ و دابینکردنی کارەبا و پێداویستییەکانی تری ناو تونێلەکە هێندە کارێکی سانا نییە.
تا ئێستە ئەوەی مەزەندە دەکرێت 136 بارمتە لە ژێر ڕکێفی حەماس ماونەتەوە، لەو ژمارەیە تەنیا 105 کەسیان لەژیاندا ماون، جێی باسە یەحیا سینوەر کە بە ئەندازیاری هێرشەکەی حەوتی تشرینی یەکەم لە قەڵەم دەدرێت، لەو تونێلەدا خۆی حەشارداوە و لە پشتی دیلەکانەوە خۆی پاراستووە.
بەگوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەکانی ''مۆساد'' زیاد لە 300 دەروازەی تونێل لە خان یونسدا بەدی دەکرێت و ژێر ئەو شارە بە تونێل تەنراوە.