ئەمەریكا پڕۆژە بڕیارێك بۆ ئاگربەستێكی بەپەلە لە غەزە پەك دەخات

:: PM:08:02:20/02/2024 ‌

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە پڕۆژە بڕیارێكی جەزائیری بۆ وەستانی بەپەلە و راستەوخۆی شەڕ لە كەرتی غەزە و سەپاندنی ئاگربەست، دانیشتنێكی ساز كرد، بەڵام ئەمەریكا مافی رەتكردنەوە "ڤیتۆ"ی لە دژی پڕۆژەكە بەكار هێنا و پەكی خست.

لە دانیشتنی ئەنجوومەنی ئاسایش كە ئەمڕۆ سێشەم بەڕێوە چوو، 13 ئەندام دەنگیان بە پڕۆژەكە دا، بەڵام ئەمەریكا لە دژی وەستایەوە و بەریتانیش دەنگی پێ نەدا، ئەو پڕۆژەی لەلایەن جەزائیر پێشكەش كراوە و باسی سەپاندنی ئاگربەستێكی بەپەلە لەبەر هۆكاری مرۆیی دەكات، كە پێویستە هەمووان رێزی لێ بگرن و دوای ئازادكردنی راستەوخۆی هەموو گیراوان بێ مەرجی پێشوەختە دەكات. 

بەوەش دەبێتە سێیەم جار كە ئەمەریكا دەركردنی بڕیارێك لە ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ سەپاندنی ئاگربەست لە كەرتی غەزە پەك بخات، عەمار بن جامع، نوێنەری جەزائیر لە نەتەوە یەكگرتووەكان بەر لە دەنگدانەكە گوتی، پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەپەلە بۆ سەپاندنی ئاگربەست لە غەزە جموجۆڵ بكات، هاوكات دەنگدان دژی پڕۆژەكە، واتە رازیبوون بە بەكارهێنانی برسیكردن وەك ئامرازێكی شەڕ، هاوكات دەنگدان پێی پاڵپشتییە لە مافی فەلەستینییەكان لە ژیان.

لای خۆیەوە لیندا تۆماس- گرنفیڵد، نوێنەری ئەمەریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان گوتی، خستنەڕووی ئەو بڕیارە لەو كاتەدا گونجاو نییە، چونكە سەپاندنی ئاگربەستێكی بەپەلە دەبێتە هۆی درێژكردنەوەی ماوەی ململانێكە و مانەوەی گیراوان بە دیلی، ئێمە بۆ سەپاندنی ئاگربەستێكی بەردەوام كار بۆ رێككەوتن لەبارەی ئازادكردنی بارمتەكان دەكەین، لە خواستی ئەنجوومەنەكە بۆ جموجۆڵی بەپەلە تێدەگەین، بەڵام لەسەر حیسابی گەیشتن بە ئاشتییەكی بەردەوام نا.  

روونی كردەوە، با پابەندیی كاركردن لەسەر شتێكی دروست بین لە كاتێكی دروست، بۆیە قبووڵكردنی ئەو پڕۆژە بڕیارە، لاوازكردنی هەوڵەكانی ئاڵوگۆڕكردنی گیراوانە، ئێمە هەوڵی پەرەدەپۆشكردنی هێرشێكی نزیكی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح نادەین، چونكە دەبێت هاووڵاتییانی سیڤیل بێنە پاراستن، بەڵام پڕۆژە بڕیارێكی ترمان هەیە و باسی ئاگربەستی كاتی دەكات، بەو شێوەی ئێمە بە گونجاوی دەبینین.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل