هۆكاری پچڕانی كێبڵەكانی ئینتەرنێت لە دەریای سوور ئاشكرا دەبێت

:: PM:05:30:07/03/2024 ‌

لە ماوەی دوایی كێشە لە تۆڕەكانی ئینتەرنێت لە دنیا سەری هەڵدا، بەر لەوەش كەشتییەكی بارهەڵگری بەریتانی لە دەریای سوور، كە بەر لە ماوەیەك لەلایەن حوسییەكانی یەمەنەوە كرابووە ئامانج، نقووم بوو، هاوكات راپۆرتەكان ئاماژەیان بۆ ئەوە كرد كە حوسییەكان زیانیان بە سێ كێبڵی ئینتەرنێت و پێوەندیكردن لە دەریای سوور گەیاندووە و پچڕاون، میدیاكانی ئەمەركیاش ئاماژەیان كرد كە پێوەندی لە نێوان كەشتییە نقوومبووەكە و پچڕانی كیبڵەكانەوە هەیە.

وەك ئاژانسی "بلومبێرگ"ی ئەمەریكی باسی كردووە، پێشبینی دەكرێت كە ئامرازی گیرسانەوەی تایبەت بە كەشتی "روبیمار"ی بەریتانی، كە پێشتر لەلایەن حوسییەكانەوە هێرشی كرابووە سەر و بەم دواییە ژێرئاو كەوت، لەو ناوچەیە بەربووەتەوە و هۆكاری پچڕانی كیبڵەكانی ئینتەرنێتی قوولایی دەریای سوورە، كاتێك لە كۆتایی مانگی رابردوو لە كۆی 14 كێبڵ، سیانیان پچڕان. 

رایان ووبشال، بەڕێوەبەری گشتیی لیژنەی نێودەوڵەتیی پاراستنی كێبڵە دەریاییەكان گوتی، بەهۆی بۆردمانی حوسییەكانەوە زیان بە ئامرازی گیرسانەوەی كەشتییەكە كەوتووە و پچڕاوە، ئەویش بەربووەتەوە و زیانی بە كێبڵە نزیكەكانی شوێنی بەربوونەوەی گەیاندووە، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی هێرشەكانەوە زەحمەتییەك لە چاككردنەوەیان هەیە.

شایەنی باسە حوسییەكانی یەمەن لە ناوەڕاستی شوباتی رابردوو كەشتی روبیماریان لە كەناراوەكانی رۆژئاوای یەمەن كردە ئامانج و بەم دواییە ژێرئاو كەوت، كە 41 هەزار تۆن پەینی هەڵگرتبوو، جیا لە سووتەمەنی و زەیت، دوای نقوومبوونی كەشتییەكە زیان بە كێبڵەكانی ئینتەرنێت و پێوەندییەكان لە دەریای سوور كەوت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل