محەمەد حەلبووسی: ئەو بڕیارانەی لە دژی كورد و بەتایبەت پارتی دراون پلانیان بۆ داڕێژراوە

:: AM:11:07:03/04/2024 ‌
سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی عێراق ڕای گەیاند، هەموو ئەو بڕیارانەی لە ماوەی ڕابردوو لە دژی كورد و بەتایبەت پارتی لەلایەن بەغداوە دراون، پلانیان بۆ داڕێژراوە.

محەمەد حەلبووسی لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی "سومەرییە نیوز" گوتی، "لەمدواییانەدا بەتایبەت لە ماوەی ساڵی رابردوو، كورد و بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕووبەڕووی ژمارەیەك بڕیاری یەك لەدوای یەكی دادگای فیدراڵی و حكوومەتی عێراق و پەرلەمانی عێراق، دەنگدانەوەی میدیا و ڕای كۆمەڵاطة بووەتەوە، هەموو ئەوەش بەپلان دەكرێت".

"ئێران لەلایەك هەولێر بۆردمان دەكات، هاوكات لەگەڵ بۆردمانەكە لە بەغداش ژمارەیەك بڕیار دژی هەرێمی كوردستان دەردەكرێن و دەخرێنە ژێر فشاری سیاسی و ئابووری. ئەمە واتای ئەوە دەگەیەنێت كە بڕیارەكان پلانیان بۆ داڕێژراوە، پێكەوە پێوەستن و دەستێكیان لە پشتە"، حەلبووسی وای گوت.

دەمێكە پارتی ئاماژە بەو پلانانە دەكات و بەمەترسی بۆ سەر هەرێمی كوردستانیان دەبینێـت، لەو ماوەیەشدا چەندان سیاسی لە عێراق و دەرەوەش، ددانیان بەو پلانەدا ناوە و پێیان وایە پلانێكی ورد هەیە بۆ لەناوبردنی هەرێمی كوردستان، لەو پلانەشدا بەپلەی یەكەم لە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەست پێ كراوە.



وشە - سۆران عەزیز